سەردێڕ:

ئایا پێکدادانەکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بەردەوام دەبن؟

PM:11:45:08/10/2023

3788 جار خوێندراوەتەوە

چاودێرێکی نێودەوڵەتی بە ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ساڵی ١٩٧٣ەو ئەمە یەکەمین جارە حەماس بتوانێت بەو شێوەیە هێرش بکاتە سەر ٢٢ خاڵی سەربازی لەناو خاکی ئیسرائیلدا، ئەمەش لاوازیی دەزگا زانیارییەکان و هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل پیشان دەدات. دەشڵێت، "پێکدادانەکان بەردەوام دەبن".


ئەمڕۆ یەکشەممە، جێگر برادۆستی چاودێری نێودەوڵەتی لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، حکومەتی ئیسرائیل باش دەزانێت کە ئەمەی روویداوە پێشهاتێکە کە بە ئاسانی تێناپەڕێت و کاردانەوەکان لەسەر ئەم رووداوە زۆر فراوانن و بە پێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەمەی روو دەدات جەنگە و ئەم جەنگەش بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر حکومەتی ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر کەرتی غەزە بە دڵنیایییەوە ئەم جەنگە فراوان دەبێت و بەرزاییەکانی جۆلان لە سوریا دەگرێتەوە لەگەڵ ناوچەکانی لوبنان کە حزبولڵای لوبنانی لێیە و ڕەنگە حوسییەکانی یەمەن دەستێوەردان بکەنو پەلاماری بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل بدەن لە دەریای ناوەڕاستدا، هەروەها میلیشیاکانی عێراقیش بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ تێوەدەگلێن.

باسی لەوەش کرد، رەنگە ئیسرائیل نەتوانێت شەڕی کۆڵان بە کۆڵان لەناو کەرتی غەزەدا لەگەڵ چەکدارانی حەماس بکات بەو پێیەی چەکدارانی حەماس ژمارەیان زۆرە و بیر لە هیچ شتێک ناکەنەوە و تا دوا دڵۆپی خوێنیان دەجەنگن، وتیشی: "پێم وایە ئەو شەڕە تا کۆتاییهاتنی حەماس بەردەوام دەبێت، بەڵام ئایا حەماس بە ئاسانی کۆتایی دێت؟".

هەر لەوبارەیەوە، شکورییە برادۆستی شارەزای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تیدا باسی لەوەکرد، ئەو کەسانەی لە کەرتی غەزە لە ژێر بۆردومانەکانی ئیسرائیل رادەوەستن هەموویان هاوڵاتیم و سەرکردە و دەسەڵاتدارانی حەماس لە باشترین بارودۆخی ژیانیاندا دەژین.

وتیشی:"ئەگەر گروپە چەکدارەکانی دیکە بەشداریی ئەو شەڕە بکەن و دژی ئیسرائیل بجەنگن ئەوا ئەوکات ئەمریکا ناچار دەبێت هاوکاریی ئیسرائیل بکات و تێکەڵی ئەو شەڕە ببێت".













گەلەری