سەردێڕ:

دوای مانگێک ئاگری دارستانەکانی جەزائیر کۆنترۆڵ کرا

ئاگری دارستانەکانی جەزائیر
PM:05:25:21/08/2023

2292 جار خوێندراوەتەوە

دوای مانگێک لە هەوڵدان ئاگری دارستانەکانی جەزائیر کۆنتڕۆڵ کرا و بەپێی ئاماری بەرێوەبەرایەتی پاراستنی سامانی سروشتی جەزائیر، تا ئێستا ٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە کە ١٠ کەسیان کارمەندی ئەمنین.


رۆژی دووشەممە، نورەدین فەدا بەڕێوەبەری گشتی پاراستنی سامانی سروشتی جەزائیر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنوسیدا رایگەیاند، توانیویانە ئاگری دارستانەکانی تەیزی و وەزوە و ئیسماعیلییە و بانی خەدا لە ناوچەی مەدییەی باکوری جەزائیر کۆنتڕۆڵ بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتژمێر ١١ی شەوەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوەی جەزائیر لە هەوڵدابوون بۆ کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مارانۆ و شیکۆی باکوری وڵاتەکە و لە کاتژمێر ١١:٢٨ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممەوە کۆنتڕۆڵکراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، لە ئاگری دارستانی ئازشیفیای باکوری رۆژهەڵاتی جەزائیر ٣٤ کەس گیانیان لەدەستداوە و ١٠ کەسیان سەرباز و ئاگر کوژێنەوەن و جگە لەوەش دوو فڕۆکەی جۆری (ڤی ٢٠٠) سووتاون و چەند زیانێکی ماددی دیکەشیان بەرکەوتووە.

محمد عەبدولحەفیز وەزیری کشتوکاڵی جەزائیر باسی لەوەکرد، دەبێت هەوڵەکانی وڵاتی جەزائیر چڕترببنەوە لە چاودێریکردنی پلەکانی گەرما و پاشماوەی ئاگرکەوتنەوەکان لە سنوری چواردەوری دارستانەکان بەبەکارهێنانی مانگی دەستکرد.

مانگێک لەمەوبەر ئاگر لە دارستانەکانی وڵاتانی جەزائیر و مەغریب کەوتەوە و بەهۆیەوە هەزاران خێزان ئاوارەبوون و ماڵەکانیان جێهێشت و بۆ دوور لە ناوچەی ئاگرەکان گواسترانەوە.













گەلەری