سەردێڕ:

نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان لە بەرزیدایە

AM:08:14:29/05/2023

956 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت بەهای بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٧٧ دۆلار و ٤٧ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنی نرخەکەى بەرزبووەتەوە.


هاوکات، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکیش ٧٣ دۆلار و ٢٨ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوێنێ نرخەکەی بەرزبووەتەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ئەم مانگە، سعودیە و عێراق پەیامێکی هاوبەشیان ئاڕاستەی ئەندامانی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس کرد و دوایان کردووە پابەند بن بە رێکەوتنی رێکخراوەکە لە خزمەتکردنی بەرژەوەندی بەرهەمهێنەران و بەکارهێنەران لە پێناو پشتیوانیکردن لە گەشەکردنی ئابوری جیهانی.

لە رێکەوتی ٥ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە رێژەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە کەم دەکرێتەوە و ئەو بڕیارەش لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمەوە کاری پێدەکرێت.

پێشتریش هەریەک لە عێراق و روسیا و سعودییە و ئیمارات و جەزائیر و کوەیت و عومان رایانگەیاند، بەشێوەیەکی خۆویستانە و بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوودا بڕیاریاندا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت کەم بکەنەوە.

باسیان لەوەشکرد، ئەو هەنگاوەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ چەند وڵاتێکی بەرهەمهێنی نەوت دەگرنەبەر بە شێوەیەک دژ نەیەتەوە لەگەڵ سیاسەتی پێشووی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت.

بە گوێرەی ئاژانسی بلوومێرگ، حکومەتى سعودییە نرخی نەوتی لە بودجەی ئەمساڵی دا بە ٨٠ دۆلار هەژمار کردووە و ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر دروستکردنی گۆڕانکاری لە نرخی نەوتدا لەسەر ئاستی جیهان.













گەلەری