سەردێڕ:

تیمى رۆژنامەوانى ئێن ئاڕ تى لەلایەن هێزێکى ئەمنیەوە لە پیرەمەگرون دەستگیر کران و سەنتەرى میترۆش هاتە دەنگ

PM:02:48:26/05/2023

4728 جار خوێندراوەتەوە

پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ هەینى لەکاتى ئەرکى رۆژنامەوانی خۆیاندا پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى و کامێرامانەکەى لە ناحیەى پیرەمەگرون لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکران.


دواى ئەوەى کۆمەڵێک لە هاوڵاتیان و چالاکانى مەدەنى لە ناحیەى پیرەمەگرون، لە دژى دانانى کامێراکانى خاڵ بۆ خاڵ (پۆینت تو پۆینت) گردبوونەوە، بەمەبەستى گواستنەوەى زانیارییەکان لەسەر گردبوونەوەکە، گۆران لوقمان و کۆژین کامەران کە کامێرامانى پەیامنێرى ئێن ئاڕ تیە، لەلایەن هێزێکى ئەمنیەوە دەستگیرکران.

دوای تێپەڕبونى زیاتر لە نیو کاتژمێر، تیمى رۆژنامەوانى ئێن ئاڕ تى، لەلایەن هێزە ئەمنیەکەوە ئازاد کران و لە لێدوانێکشدا، گۆران لوقمان پەیامنێرى ئێن ئاڕ تى، رایگەیاند "ئەوان وەک ئەرکى رۆژنامەوانى خۆیان چوونەتە ناحیەى پیرەمەگرون و ویستویانە هۆکارى گردبوونەوەکە روماڵ بکەن، بەڵام دەستبەجێ لەلایەن هێزێکى ئەمنیەوە دەستگیرکراون.

لای خۆیەوە سەنتەرى میترۆ بۆ داکۆکى لە مافى رۆژنامەنوسان لەسەر دەستگیرکردنى تیمى رۆژنامەوانى کەناڵى ئێن ئاڕ تى، راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە ئاشکرای کرد، زەبروزەنگ و پەلاماردانی تیمی کەناڵى ئێن ئاڕ تی، ئازاردانیان، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەوانییان، دەستبەسەرکردنی و سوکایەتی بە پیشەکەیان، لە قەزای پیرەمەگرون، دەرخەری ئەو راستیەن، کە هێزی ئەمنی رێز لە گردبونەوەی ئاشتی خوازانە و ئازادی رۆژنامەگەری ناگرێت لە بۆسەدایە بۆ پێشێلکردنی ئەو مافانە.

سەنتەرى میترۆ لە راگەیەندراوەکەیدا پشتیوانی خۆی لە پەیامنێر و وێنەگر و کارمەندانی کەناڵى ئێن ئاڕ تى دەکات و ئازاردانیان لە لەلایەن هێزی ئەمنی، شەرمەزار دەکات.

 













گەلەری