سەردێڕ:

ئەمەریکا و سعودیە داوا دەکەن هێزە شەڕکەرەکانی سوودان پابەند بن بە بەڵێنەکانیانەوە

PM:07:57:24/05/2023

1324 جار خوێندراوەتەوە

ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا و عەرەبستانى سعودیە داوا دەکەن هێزە چەکدارەکانى سودان پابەندی رێککەوتننامەی نێوانیان بن کە لە جەددە واژۆیان کردووە.


لە راگەیەنراوێک دا هەریەکە لە سعودیە و ئەمەریکا جەخت لە گرنگی جێبەجێ کردنی رێککەوتنی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەکەنەوە و داوا دەکەن پابەند بن بە ناوەڕۆکی رێککەوتنەکەوە کە لە شارى جەددەی سعودیە لە ٢٠ی ئەم مانگە دا بە مەبەستی ئاگر بەستی کاتی واژۆیان کردووە.

لە راگەیەنراوەکە دا ئاماژە بەوەش کراوە، دوای پێنج هەفتە لە بەردەوامی شەڕی ناوخۆ گەلی سودان پێویستی بە هاوکاری مرۆیی و گەڕانەوەی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان هەیە کە دەکرێت لە ماوەی ئاگر بەستی کاتی دا هاوکارییان بکرێت.

ئەمەریکا و سعودیە باسیان لەوەش کردووە، هیچ یەکێک لە دوو لایەنی شەڕەکە پابەند نەبوون بەرێککەوتنی نێوانیان، بەڵام دۆخی شەڕ لە خەرتوم بەراورد بە پێشتر هێور بووەتەوە.

دوای چەند مانگێک لە مشتومڕ لە بارەى چاکسازی سەربازییەوە لە سودان کە داوا کرا هێزەکانی پشتیوانی خێرا ببنە بەشێک لە سوپای ئەو وڵاتە، لە رۆژی ١٥ی نیسانی ئەمساڵەوە، پێکدادان لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا لە و وڵاتە دەستی پێكرد.

بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکان تاوەکو ئێستا بە هۆی شەڕەوە زیاتر لە ٦٧٦ کەس کوژراون و پێنج هەزار و ٥٧٦ کەسی دیکەش بریندار بوون و ژمارەیەکی دیکە بێ سەرو شوێن بوون.













گەلەری