سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: هیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەی عێراق نییە

PM:07:46:24/05/2023

2164 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕگەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست پەسەند کراوە و تەنیا چەند بڕگەیەکی کۆتایی ماوە لە ناویان دا بڕگەی پشکی بودجەی هەرێم و هیچ ناکۆکیەکش لەسەر ئەو بڕگەیە نییە و چاوەڕوانی رێککەوتنی حکومەتی بەغدا و هەرێمن.


محەمەد نوری ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بڕگەی دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست لە رێکەوتی ٢ی مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ و دوای ئەو رێکەوتە بە هەمیشەیی پەسەند کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، چەند بڕگەیەکی دیکەی پەیوەست بە بودجە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت کە پەیوەستە بە گرەنتی کردنی وانەبێژانی خۆبەخش و چەند فەرمانبەرێکی دیکەی گرێبەست لە دامەزراوەکانی عێراق.

وتیشی، "کاردەکەن بۆ دامەزراندنی هەموو فەرمانبەرانی گرێبەست بە شێوەی هەمیشەیی."

باسی لەوەش کرد، تەنها پێنج بڕگەی بودجەی ئەمساڵ ماوە پەسەند بکرێت و ئەو بڕگانەی ماون بریتییە لە بودجەی گواستنەوەى پشکی هەرێم، هەروەها تەنها لە ماوەی پێنج رۆژی دیکە ئەوانەش دەنگیان لەسەر دەدرێت.

محەمەد نوری ئەوەشی خستەڕوو، هیچ ناکۆکیەک لەسەر دۆسیەی بودجەی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو دواکەوتنی ئەو بڕگەیەی بودجە پەیوەستە بە رێککەوتنی نێوان حکومەتی بەغدا و هەرێمەوە.

ئەمە لە کاتێک دایە، رۆژی ١٣ی ئازار سەرۆک وەزیرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ی پەسەند کرد و رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کرد.

بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق گەورەترین بودجەی عێراقە و بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینارە و تیایدا نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار خەمڵێندراوە و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە ١٣٠٠ دینارە جێگیر کراوە، لەو بڕەش ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان دانراوە.

هاوکات پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق دا بە رێژەی لە ١٢.٦٧٪ جێگیر کراوە و لە کاتی تێپەڕاندنی بودجە دا هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە ترلیۆنێک دیناری بۆ دەنێردرێت و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵدا بە شێوازێکە، هەرێمی کوردستان داهاتی نەوت لە بانکێکدا دابنێت کە لەژێر چاودێری حکومەتی فیدڕاڵیدا بێت و دەسەڵاتی بەکارهێنانیش لەژێر دەستی سەرۆک وەزیرانی هەرێم دا دەبێت.

 













گەلەری