وێنەی تەقینەوەیەکی ساختەى وەزارەتى بەرگرى ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا پێنتاگۆن، گوایە لەلایەن زیرەکی دەستکردەوە دروستکراوە، بە خێرایی لە سۆشیال میدیاى جیهان بڵاوبووەوە و بووە هۆی دروستبوونی پەشۆکان و سەرلێشێوان لەناو هاوڵاتیانی ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا، هەروەها دابەزینی پشکی بەشێک لە کۆمپانیاکانی ئەمەریکا و چەندین کۆمپانیای ئەو وڵاتە بە ملیاران دۆلار زیانیان بەرکەوت.
لە وێنە ساختەکەدا دوکەڵ لە دەرەوەی بینای پێنتاگۆن دەرکەوتووە و لەلایەن دەزگا راگەیاندنەکانى نزیک لە حکومەتى رووسیا و هەژمارە فەرمییەکانی دیکەی ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک میدیای فەرمی روسیا وێنەکەی سڕیەوە.
لەسەر وێنەکەش بەڕێوەبەرایەتی ئاگر کوژێنەوەی ناوچەی ئارلینگتۆن بە
خێرایی پەیامێکی لە تویتێکدا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، وێنەکە ساختەیە و شتی لەو
جۆرە رووینەداوە.
هەر لە بارەی ئەو وێنەیە لای خۆیەوە فلیپ ڤێنتۆرا وتەبێژى وەزارەتی بەرگرى ئەمەریکا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو هەواڵ و وێنانەی لە بارەى هێرش کردنە سەر پێنتاگۆن
بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستیەوە.
پەیوەندیەکانی نێوان روسیا و ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا لە دوای
دروستبوونی جەنگی ئۆکرانیاوە ئاڵۆزتر بووە و زۆرجار بەرپرسانی هەردوو وڵات لە دژی
یەکتر قسە دەکەن.
ئەمە جگە لەوەى لە دواى جەنگى جیهانى دووەم و بەرپابوونى جەنگى ساردى نێوان ئەو دوو جەمسەرە زلهێزەى جیهان، پەیوەندییەکانى نێوان مۆسکۆ و واشینتۆن هەوراز و نشێوى زۆرى بەخۆیەوە دیوە و ئێستا ویلایەتە یەکگرتوەکانى ئەمەریکا، جەنگى ئۆکرانیا لەگەڵ روسیاى قۆستوەتەوە و بەگوێرەى راى چاودێرانى سیاسى جیهان، ئەمەریکا ئۆکرانیا وەکو کارتێکى بەردەستى بەکاردێنێت لەدژى روسیا.