سەردێڕ:

رۆیتەرز: بەهۆی راگرتنی هەناردەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێم کەمیکردووە

PM:09:29:22/05/2023

4904 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە دابەزین، ئەویش بەهۆی راگرتنی هەناردەی نەوتی ئەو ناوچەیە بەرەو بەندەری جەیهانی تورکی تاکو ئێستاش پێشبینییەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردە کەمن و نزیکەی دوو مانگە راگیراوە.


لە رێکەوتی ٢٥ی مانگی ئازاری ئەمساڵ دادگای نێوبژیوانیی ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس بڕیاری لەسەر دۆسیەی نایاسایی هەناردەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانی تورکیا دا و بڕیارەکەش لە بەرژەوەندی عێراق بوو.

لە دوای بڕیارەکەی دادگای نێوبژیوانیی ژووری بارزگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، بەشی گواستنەوەی نەوتی سەر بە وەزارەتی عێراق نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی بەشی جووڵەی نەوت کرد لە بەندەری جەیهان لە تورکیا و هەناردەی نەوتی هەرێم راگیرا.

ئەوە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا چەندین جار وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێم دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمیان راگەیاندووە.

هاوکات تورکیا رایگەیاندووە، چەند کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵی بۆریە نەوتییەکانی بەندەری جەیهان لە ئەنجامی بوومەلەرزە بەهێزەکەی مانگی شوبات دروستبووە و پێویستی بە چارەسەر هەیە.

لەلایەکی دیکەشەوە تورکیا دەڵێت، هاوردەی نەوتەکەیان راگرتووە بەهۆکارى ئەوەى دانووستان بکەن لە بارەی ئەو یەک ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دۆلارەی ئەنجومەنى دادوەرى پاریس کردوویەتیە مەرج لەسەر تورکیا وەکو قەرەبوو بیداتە عێراق. بەگوێرەى بڵاوبوونەوەى ئەو دەنگۆیانەى، گوایە تورکیا خواستى ئەوەی هەیە، هاوشێوەی هەرێمى کوردستان شایستەی دارایی لە عێراق وەربگرێت بۆ گواستنەوەی نەوتی هەرێم لە بەندەری جەیهانەوە.

بەپێى داتا و زانیارییەکان، راگرتنى هەناردەکردنی نەوتى هەرێمى کوردستان لە ماوەى مانگێکدا ١٩٠ ملیۆن دۆلار زیان لە داهاتى گشتیى عێراق و زیاتر لە ١٢ ملیۆن دۆلار بە کەرکوک دەگەیەنێت، ئەوە سەربارى داهاتى ئەو ٣٧٨ هەزار بەرمیل نەوتەى رۆژانە هەرێمى کوردستان هەناردەى دەکرد، کە لە ٣٠ رۆژى راگرتنى هەناردەکەیدا زیانى ٦٤٢ ملیۆن و ٩٧٨ هەزار دۆلارى بە داهاتى گشتیى عێراق گەیاندووە.

بە گوێرەى پڕۆژەیاساى بودجەى گشتى عێراق بۆ رادەستکردنى پشکى هەرێمى کوردستان، لە تێکڕاى بودجەکە کە رێژەکەى ١٢.٦٧% دیاریکراوە، دەبێت هەرێمى کوردستان رۆژانە ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات وەک بەشێک لە داهاتى گشتیى عێراق.













گەلەری