سەردێڕ:

چوارچێوەى هەماهەنگى لەگەڵ سودانى لەبارەى پەسەندکردنى بودجە کۆدەبنەوە

PM:07:43:21/05/2023

1492 جار خوێندراوەتەوە

بەمەبەستى چارەسەرکردنى کێشەکانى ناو پڕۆژەیاساى بودجە کە خۆى لە چەند خاڵێک دەبینێتەوە، بڕیارە ئەم هەفتەیە چوارچێوەى هەماهەنگى لەگەڵ سەرۆک وەزیرانى عێراق کۆببنەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، تورکى جەدعان سەرکردە لە چوارچێوەى هەماهەنگى بە میدیاى عێراقى راگەیاند، لە ماوەى ٤٨ کاتژمێرى داهاتوودا، کۆبوونەوەیەکى گرنگى سەرکردەکانى چوار چێوەى هەماهەنگى لەگەڵ محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق بەڕێوە دەچێت.

تورکى جەدعان روونیكردەوە، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە تاوتوێكردنی شەش خاڵە لە بودجەی گشتیی ٢٠٢٣، ئەوانیش كورتهێنانی دارایی و پەرەپێدانی هەرێمەكان و ئاسانكاری بەرامبەر بە داواكاریی پارێزگاكان کە رێژەیەكی گەورەی هەژاری و بێكاریان تیادایە.

جەدعان وتیشى، "بودجە گەیشتووەتە قۆناغی پێشكەوتوو لە رووی لێوردبوونەوە لە بڕگەكانی لەلایەن لیژنەی داراییەوە، بۆیە ئەگەری هەیە خستنەڕووی لە پەرلەمان بكەوێتە رۆژانی سێشەمە یاخود چوارشەممەی داهاتوو، لەو كۆبوونەوەیەش زۆر خاڵ یەكلا دەكرێنەوە كە مایەی ناكۆكین."

پێشتر موحسین مەندەلاوی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك پەرلەمانتار پێشبینی ئەوەیان کردبوو، ئەگەری زۆرە لە ماوەی ئەم هەفتەیە پڕۆژەیاسای بودجەی سێ ساڵی عێراق بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام بەو هۆیەی تاوەکو ئێستا ناكۆكی لەسەر هەندێك بڕگەكانی پڕۆژەكە هەیە، چاوەڕوان دەكرێت بە هەنگاو بخرێتە دەنگدانەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، لیژنەى دارایى پەرلەمانى عێراق رایگەیاندبوو، ماددەکانى بودجە تەواو بووە، تەنیا سی بڕگە ماوە کە پەیوەستە بە هەرێمى کوردستانەوە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە فراکسیۆنەکان لەسەرى رێک بکەون.

لە ماوەکانى رابردوودا، ئەنجومەنى نوێنەران خوێندنەوەى یەکەمى بۆ پرۆژەیاسای بودجەى عێراق کرد، کە لەلایەن محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراقەوە بۆ ساڵانى ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ رەوانەى پەرلەمان کرابوو.

پڕۆژەیاساى بودجەى ٢٠٢٣ بە گەورەترین بودجە هەژمار دەکرێت لە مێژووى عێراق، کە لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانى عێراق رایگەیاند، بودجەکە بە ١٩٧ ترلیۆن دینار واتا (١٣٥ ملیار دۆلار) خەمڵێندراوە کە لە نێویدا بودجەى بە کاربردن کە دەگاتە ١٥٠ ترلیۆن دینار و وەبەرهێنان ٤٧ ترلیۆن.

لە پڕۆژە یاساى بودجەى عێراقدا، کورتهێنان بە ٦٣ ترلیۆن دینارى عێراقى خەمڵێندراوە، هەروەها کۆى داهاتى بە دەست هاتوو بە ١٣٤ ترلیۆن دینار دەبێت و داهاتى نەوت بە ١١٧ ترلیۆن دینار و داهاتى نا نەوتى بە ١٧ ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە، هاوکات نرخى هەر بەرمیلێک نەوت بە ٧٠ دۆلار داندراوە.













گەلەری