سەردێڕ:

ئۆکرانیا بووە ئەندامی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی ناتۆ

ئاڵاى ئۆکرانیا و ناتۆ لە ناو باڵەخانەى ئاسایشی ئەلیکترۆنی سەر بە هاوپەیمانیی ناتۆ
PM:06:37:16/05/2023

2352 جار خوێندراوەتەوە

بە شێوەیەکی فەرمی ئۆکرانیا بووە ئەندامی ئاسایشی ئەلیکترۆنی سەر بە هاوپەیمانیی ناتۆ و ئاڵای ئەو وڵاتە لەسەر ناوەندی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە تاللینی پایتەختی ئیستۆنیا بەرزکرایەوە.


وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە شێوەیەکی فەرمی ئاڵای وڵاتەکەیان لە ناوەندی ئەلیکترۆنیی هاوپەیمانیی ناتۆ لە تاللینی پەیتەختی ئیستۆنیا بەرزکردووەتەوە.

پێشتر ڤلادمیر لیبایڤ باڵیۆزی روسیا لە ئیستۆنیا بە ئاژانسی تاسی روسی راگەیاندبوو، بەشداریکردنی ئۆکرانیا لە کاروباری ناوەندی هاوپەیمانیی ناتۆ لە بواری ئاسایشی ئەلیکترۆنی، هەوڵێکی دیکەیە بۆ نیگەرانکردن و هەڕەشەکردن لە روسیا.

ئاماژەی بەوەشدابوو، ئەو بڕیارەی ئۆکرانیا مانایەکی هێماداری هەیە، چونکە پلانی هەستناوەی سەربازی وڵاتانی رۆژئاوا بە شێوەیەکی زنجیرەیی دژ بە روسیا ئاشکرا دەکات و وتی، "ئەو جووڵەیەی ئۆکرانیا هەڕەشەیەکی گەورە نابێت بۆسەر ئێمە".

ناوەندی ئەلیکترۆنی سەر بە هاوپەیمانیی ناتۆ بنکە سەرەکییەکەی دەکەوێتە تاللینی پایتەختی ئیستۆنیا و لە ساڵی ٢٠٠٨ دامەزراوە و مامەڵە لەگەڵ کێشەی ئاسایشی ئەلیکترۆنیی هاوپەیمانەکانی ناتۆ دەکات.

ئاسایشی ئەلیکترۆنی بەرگرییەکی کاریگەرە لە دژی هێرشە ئەلیکترۆنییەکان و دەتوانێت ئەرکە سەرەکییەکانی کارەکانی ئاسایشی وەک دۆزینەوەو لێکۆڵینەوەو چاک کردنەوە خێراتر بکات.













گەلەری