سەردێڕ:

پاش ٣٠ رۆژ؛ رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکانی سودان بەردەوامە

AM:09:44:15/05/2023

1048 جار خوێندراوەتەوە

پاش ٣٠ رۆژ رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکان پشتیوانی خێرای ئەو وڵاتە بەردەوامە، فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی خێراش دەنگۆی کوشتنی رەتدەکاتەوە. بەپێی ئامارەکانیش تاوەکو ئێستا نزیکەی ٧٠٠ کەس گیانیانلەدەستداوە.


محەمەد حەمدان دەقلو فەرماندەی گشتی هێزەکانی پشتیوانی خێرای سودان کە لەگەڵ سوپای وڵاتەکەی لە شەڕدایە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، "کودەتاچییەکان کار لەسەر دەنگۆی ناڕاست دەکەن و بڵاوی دەکەنەوە و مەبەستیان تێکدانی سودانە".

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەنگۆیانەی باس لە کوژرانی دەکەن دوورن لە راستییەوە و تەندروستی باشە و کار لەسەر جێبەجێکردنی پلانە سەربازییەکانیان دەکەن.

هاوکات، عەبدول فەتاح ئەلبورهان سەرۆکی سوپای سودان کە سەرۆکی ئەو وڵاتەشە بڕیاریدا هەژمار و کۆمپانیاکانی سوپای پشتیوانی خێرا لە سەرجەم بانکەکانی سودان و لقەکانی دەرەوەی بلۆک بکات و شایستە داراییە تەرخانکراوەکانیانی راگرت.

لە بڕیارەکانیدا سەرۆکی سوپای سودان، حسین یەحیا جەنقول پارێزگاری بانکی ناوەندی سودانی لە پۆستەکەی لابرد و بەرعی سدیق عەلی ئەحمەدی لە شوێنی دانا.

بەپێی نوێترین داتاکان تاوەکو ئێستا ٧٠٠ کەس لە رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکانی سوداندا گیانیانلەدەستداوە و زیاتر لە پێنج هەزار و ١٠٠ کەسیش بریندار بوون.

١٥ی نیسانی ئەمساڵ لە سودان، پێکدادان لەنێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵدا.

ئەم پێکدادانانەش لە دوای ئەوە هات کە ماوەی چەند مانگێکە مشتومڕی گەرم لە بارەی ئەو چاکسازییە سەربازییە بەردەوامە کە تیایدا داوا دەکرێت "هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەتەواوی ببنە بەشێک لە سوپا. هاوکات سەندیکای پزیشکانی سودان رایگەیاند، بەهۆی رووبەڕووبوونەوە چەکدارییەکانی ئەو وڵاتەوە تاوەکو ئێستا ٥٢٤ کەس گیانیانلەدەستداوە و دوو هەزار و ٨٧٢ی دیکەش برینداربوون.













گەلەری