سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زانیاری نوێی بڵاوکردەوە

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق
PM:05:26:13/05/2023

1024 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بەدوری دەزانێت رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیاری کەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دەربکات، دەشڵێت، "پێش کۆبوونەوەکە عێراق هیچ داواکارییەکی پێشکەشنەکردووە تاکو بڕێکی زیاتر لەبەرهەمهێنانی نەوت کەمبکاتەوە".


حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز رایگەیاند، عێراق پێشبینی ناکات لەکۆبوونەوەی داهاتووی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لەمانگی حوزەیرانی داهاتوودا بڕیاری کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەربکات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، عێراق پابەندە بەکەمکردنەوەی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بەشێوەیەکی خۆویستانە کە لەمانگی ئایارەوە دەستپێدەکات و تاکو کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوام دەبێت.

دەشڵێت، پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی داهاتووی رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لە ٤ی حوزەیرانى ٢٠٢٣ عێراق هیچ داواکارییەکی پێشکەش نەکردووە لەبارەى کەمکردنەوەی بڕێکی زیاتری نەوت لەو بڕەی بۆی داندراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٢ رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لەسەر داوای روسیا رێککەوتن، لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەئامانجی پشتیوانی کردنی بازاری جیهانی نەوت تاکو هاوسەنگی خواست و خستنەڕوو بپارێزن و نرخی نەوت جێگیر بکەن.

بەگوێرەی بڕیارەکەش عێراق رۆژانە بڕی ٢١١ هەزار بەرمیل نەوت لەبەرهەمهێنانی نەوت کەمدەکاتەوە.

پێشتریش، لەسەرەتاکانی مانگی نیسانی ئەمساڵ سعودییە و چەند ئەندامێکی دیکەی رێکخراوەکە بڕیاریاندا بڕی یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لەرۆژێکدا کەم بکەنەوە.

بڕیارە، لە رۆژی ٤ی حوزەیرانی ئەمساڵ رێکخراوی ئۆپیک پڵەس لەبارەی دەرکردنی بڕێاریک بۆ دەستنیشانکردنی رێڕەوی بازاڕی نەوت کۆبوونەوەیەک ساز بکات.













گەلەری