سەردێڕ:

بانکی ناوەندی عێراق: سزای ئەو کەسانە دەدرێت کە بەهای دۆلاریان بەرزکردووەتەوە

PM:11:45:12/05/2023

2176 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، ئەو کەسانەی هەوڵی بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار دەدەن ڕێوشوێنی توندیان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. دەشڵێت، سیستمێکی ئەلیکترۆنی بەهێز پەرەپێدەدەن.


ئەمڕۆ هەینی بانکى ناوەندی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپشت بەستن بە راپۆرتەکانی لایەنە ئەمنییەکان و رێکارەکانی چاودێری بانکەکە، هەندێک لە هاوڵاتیان کارتە ئەلیکترۆنەکانیان بۆ مەبەستی سپیکردنەوەی پارە بەکارهێناوە، هەربۆیە پەرە بە سیستمێکی نوێی ئەلیکترۆنی بەهێز دەدەن، بە مەبەستی ڕێگریکردن لەو کارانە.

باسی لەوەشکردووە، رێکارە یاساییەکانی بەرامبەر سەرپێچیکاران، کەسایەتی، کۆمپانیا و بانکەکان تەواو کراوە و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگاکانی تایبەت بە سپیکردنەوەی پارە دەکرێن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەکارهێنانی کارتی ئەلیکترۆنی و فرۆشتنی دۆلار بە کاش وایکردوە جیاوازییەکی زۆر لە نرخی بانکی ناوەندی و بازاڕەکاندا هەبێت، بۆیە بەرزبونەوەی بەهای دۆلار پەیوەستە بە چالاکیی نایاسایی بازرگانان و ئەوانەی ئەو جۆرە کارە دەکەن، بەڵام هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لەو شێوازی مامەڵەیە چڕکراونەتەوە.

ئەمەش لە دوای ئەوەدێت، فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رایگەیاند، دەستیان بەسەر دوو هەزار کریدیت کارت گرتووە کە بەکارهێندراون بۆ ساغکردنەوەی پارە بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیش، ١٠٠ لەو کارتانە لای بەرپرسێکی فڕۆکەخانەکە بووە.

هاوکات، دەستەی گشتی گومرگی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ناوەندی گومرگی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا لە مانگەکانی ئادارو نیسان و هەفتەی یەکەمی مانگی ئایاردا دەستیان بەسەر بڕی دوو هەزارو ٣٤١ کارتی ئەلیکترۆنیدا گرتووە.













گەلەری