ئەمڕۆ لە بازاڕەکانی هەرێم ١٠٠ دۆلار بە ١٤٦ هەزار و ٤٥٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا، بەمەش بەراورد بە کاتی داخستنی بازاڕ لە ئێوارەی دوێنێدا بەهای دۆلار ٥٠ دینار بەرزبووەتەوە.
دوێنێ ئێوارە لە کاتی داخستنی بازاڕدا لە هەرێم ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٤٦ هەزار و ٤٠٠ دینار مامەڵەی پێوەکرا و بەهاکەی ٨٥٠ دینار دابەزی، لە کاتێکدا لە سەرەتای کردنەوەی بازاڕ نرخەکەی ١٤٧ هەزار و ٢٥٠ دینار بوو.
هاوکات، هەر دوێنێ بانکی ناوەندی عێراق بڕی ٢١٠ ملیۆن و ٥٨٦ هەزار و ٩١٢
دۆلاری خستەڕوو کە ئەوەش بەرزترین ئاستی ئەم ماوەی دوو هەفتەی رابردووە.
پێشتر، مەزهەر محەمەد راوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی
زیادبوونی دیاردەی بەکارهێنانی کریدیت کارت بۆ سپیکردنەوەی پارە نا سەقامگیری لە
بازاڕی دراودا دروستبووە و بەهای دۆلار بەزربووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، بە کۆنترۆڵکردنی ئەو دیاردەیە لەماوەیەکی کەمدا بەهای دۆلار
نزمدەبێتەوە و بە هەوڵ و ڕێکارەکانی حکومەت و بانکی ناوەندی عێراق نرخی دۆلار
هاوتای نرخی فەرمی دەبێت کە هەر دۆلارێک بەرامبەر هەزار و ٣٢٠ دینارە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی دۆلار بەرزترین بەهای
ماوەی دوو مانگی رابردووی تۆمارکرد بە شێوەیەک نرخی ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٤٨ هەزار و
٤٠٠ دینار.