سەردێڕ:

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لە ریاز لەگەڵ سعودیە و هیندستان و ئیمارات کۆدەبێتەوە

PM:04:35:05/05/2023

1792 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا رایگەیاند، سبەینێ سەردانی سعودیە دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە و بەرپرسانی هیندستان و ئیمارات.


جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا لە کۆنفرانسی ئینستیتیوتی واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک ئاماژەی بەوەکرد، لە سەردانەکەیدا لەگەڵ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە کۆدەبێتەوە.

دەشڵێت، نوێنەرانی هیندستان و ئیماراتیش سەردانی سعودیە دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بوارە نوێیەکانی هاوکاری نێوان نیودەلهی و کەنداو، هەروەها ئەمریکا و تەواوى ناوچەکە و دۆخی یەمەنیش بەشێک دەبێت لە گفتوگۆکان.
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا جەختی لەوەکردەوە، پابەندبوونی واشنتۆن بە ناوچەکە بەردەوامە، بەو پێیەی گرنگییەکی زیندوی هەیە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا.
باسى لەوەشکرد، ستراتیژی وڵاتەکەی لە ناوچەکەدا لەسەر دووانەی رێگریکردن و دیپلۆماسی دامەزراوە، هۆشداریشیدا لە دەیەیەکی چارەنووسساز کە رەنگە لە دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی دووەمەوە هاوشێوەی نەبینرابێت.
وتیشی، ئەمریکا سەرەڕای فشارەکانی بۆ سەر ئێران لە رێگەی سزاکانەوە، پاڵپشتی رێککەوتنی نێوان تاران و ریاز دەکات، چونکە لەگەڵ رێبازی بنچینەیی واشنتۆن بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژییەکان دەگونجێت.













گەلەری