سەردێڕ:

هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار ئاشکراکرا

AM:11:52:04/05/2023

48868 جار خوێندراوەتەوە

لەماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی دەڵێت، راگرتنی بەشێک لە هەژمارە بانکیەکانە کە دۆلارییان لە دەرەوە پێ رادەکێشرا.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخی دۆلار بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد و ١٠٠ دۆلار بە نزیکەی ١٤٥ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرێت، کە ئەمەش بەرزترین نرخە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا.

لەو بارەیەوە جەبار گۆران وتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە لە سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بۆ راگرتنی ژمارەیەک لە هەژمارە بانکییەکان دەگەڕێتەوە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە، کە براونەتە دەرەوەی عێراق و بۆ مەبەستی جیاواز پارەیان پێڕاکێشراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو ماستەر کارت یان هەژمارە بانکیانە کاریگەریی گەورەیان هەبوو لەسەر هەررزان بوونی نرخی دۆلار کە بازرگانێک بە نزیکەیی دەیتوانی ژمارەیەک ماستەر کارت لەگەڵ خۆیدا ببات و بەکاریبهینێت.

لەبارەی هۆکارەکەشییەوە ئەوەی ئاشکراکرد، ئەو ماستەر کارتانە بە ژمارەیەکی زۆر براون و بەکارهێنراون، بۆ نموونە بازرگان هەبووە ٥٠ ماستەر کارتی بردووەتە تورکیا، کە ئەوەش گومانی دروستکردووە و ئێستا بانکی ناوەندی وردبینی دەکات لەو ماستەر کارتانەی کە بەکارهاتوون.

جەبار گۆران پێی وایە، ئەو دۆخە کاتییە و بانکی ناوەندی لە ماوەیەکی نزیکدا چارەسەری دۆخەکە دەکات.

٢٠ی ئازاری ئەمساڵ، هەریەک لە بانکی فیدراڵی ئەمریکا و بانکی ناوەندی عێراق رێککەوتنێکیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی دۆلار و ڕێگرتن لە بردنە دەرەوەی بەنایاسایی و قاچاغ واژۆکرد، لەو چوارچێوەیەدا سێ مانگ بۆ بانکی ناوەندی دیاریکرا تا بتوانێت هەموو مامەڵە بازرگانییەکانی ناوخۆ و دەرەوە بکاتە ئەلیکترۆنی و ڕێگە لە بەقاچاغبردنی دۆلار بگرێت، لە بەرامبەریشدا بەهای دینار بگەڕێنێتەوە بۆ ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک.

لە بودجەی عێراقدا کە گەورەترین بودجەیە لە مێژووی وڵاتەکەدا نرخی ١٠٠ دۆلار بۆ ماوەی سێ ساڵ بە ١٣٢ هەزار دینار جێگیر دەکرێت، بەڵام هەتا ئێستا ئەو بودجەیە پەسەند نەکراوە و تەنها خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، بەپێی وتەی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئەو بودجەیە پەسەند دەکرێت.













گەلەری