سەردێڕ:

ئەمریکا پێشبینی نوێی لەبارەی جەنگی ئۆکرانیاوە ئاشکرا کرد

AM:12:00:03/05/2023

4648 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، پێشبینی دەکەن ئەمساڵیش جەنگی ئۆکرانیا بەردەوام بێت و روسیا و ئۆکرانیاش لەمساڵدا ناتوانن ئامانجەکانی ئەو جەنگە بەدیبهێنن.


ئەمڕۆ سێشەممە، مارک میلی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەمساڵیش روسیا و ئۆکرانیا ناتوانن ئامانجەکانی جەنگ بەدیبهێنن، بەڵام ئۆکرانیا دەتوانێت هێرشی پێچەوانە ئەنجامبدات.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ئێستادا ئۆکرانیا دەتوانێت هێرشبکاتە سەر سوپای روسیا و دەست بە ئۆپراسیۆنە هێرشبەرییەکانیان بکەن.

باسی لەوەشکرد، سوپای ئۆکرانیا چەکی پێویستی هەیە تاوەکو بەرگری لە خاکی وڵاتەکەی بکات و هەر خۆی بڕیار دەدات کەی دەست بە هێرشەکانی بۆسەر روسیا دەکات.

پێشتر، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی تیلیگرام بڵاویکردووەوە ئاماژەی بەوەدا، کاتی زیاتریان بۆ ئەنجامدانی دژەهێرش نەماوە و دەستپێدەکەن، تەنانەت ئەگەر وڵاتانی رۆژئاوا چەکی پێویستیان بۆ دابین نەکەن.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، ئۆلیکسی ریزنیکۆڤ وەزیری بەرگری ئۆکرانیا باسی لەوەکرد، هێزەکانی ئۆکرانیا ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێکی پێچەوانە کە بکرێتە سەرخاکی وڵاتەکەیان.

لە ٢٤ـی شوباتی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە روسیا دەستی بە هێرشەکانی بۆسەر ئۆکرانیا کرد. روسیا ئاماژەی بەوەکردووە، ئەگەر ئۆکرانیا ئەو خاکەی پێبدات کە سوپای روسیای تێدایە و دەست لە داواکەی بۆ بوون بە ئەندامی ناتۆ هەڵبگرێت کۆتایی بە جەنگ دەهێنێت. لەبەرامبەردا ئۆکرانیا دەڵێت، ئەوان وڵاتێکی ئازادن و پارێزگاری لە خاکەکەیان دەکەن.













گەلەری