سەردێڕ:

لە ماوەی مانگێکدا بانکی ناوەندی زیاتر لە سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری خستووەتەروو

PM:07:09:01/05/2023

1448 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندی عێراق تەنها لە مانگی نیساندا زیاتر لە سێ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلاری خستووەتەروو، ئەوەش کاریگەری لەسەر کۆنترۆڵکردنی بەهای دۆلار هەبووە.


بە گوێرەی بەدواداچوونەکان لە ماوەی مانگی نیساندا بانکی ناوەندی عێراق بڕی سێ ملیار و ٤٥٦ ملیۆن و ٣٥٧ هەزار و ٢١٨ دۆلاری خستووەتەروو.

لە ماوەی مانگی رابردوو، تێکڕای فرۆشی رۆژانەی بانکی ناوەندی عێراق رۆژانە ٢٠٣ ملیۆن دۆلار بووە و بەروارد بە مانگی ئازار رێژەی فرۆش ٪٤ بەرزبوەتەوە و لە کاتێکدا لە ماوەی مانگی ئازار تێکڕای فرۆشی رۆژانەی بانکی ناوەندی ١٩٥ ملیۆن دۆلار بووە.

جێگای ئاماژەیە، بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردووش رێژەی فرۆشی دۆلار ٢.١٦٪ بەرزبووەتەوە.

لە فرۆشی رۆژانەی بانکی ناوەندی عێراق لەم مانگەدا، زۆرترینی بە شێوەی حەواڵە بووە و بڕی ٨٣٨ ملیۆن دۆلار بووە و ٦١٨ ملیۆن دۆلاریش بە شێوەی نەختینەی فرۆشراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ماوەی رابردوودا بانکی ناوەندی عێراق بەهۆی سزای دارایی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بانکی ناوەندی عێراق رێژەی فرۆشی دۆلاری رۆژانەی بۆ خوار ١٠٠ ملیۆن دۆلار کەمبووەوە و بەهای دۆلار گەیشتە بەرزترین ئاستی و بە شێوەیەک نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێک بە ١٧٨ هەزار دینار مامەڵەی پێوەدەکرا.













گەلەری