بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گشتی عێراق درێژکردنەوەی ماوەی تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلی بە هەموو جۆرەکانییەوە راگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، بە فەرمانی وەزیری ناوخۆ و بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری هاتوچۆی گشتی، بڕیاردرا ماوەی تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل بە هەموو جۆرەکانییەوە درێژبکرێتەوە تا ٣٠ی ئایاری ٢٠٢٣.
ئاماژەی بەوەشکراوە، بڕیارەکە
بەهۆی داواکاری هاوڵاتییانەوە دەرچووە و ئامانج لێی هەڵگرتنی بارگرانیە لەسەر شانی
هاوڵاتییان.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی
رابردوودا بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی عێراق رایگەیاند، بڕیاردراوە سەرجەم ماتۆڕسکیلەکان بەهەموو
جۆرەکانییەوە "توک توک" و هاوشێوەکانی تۆماربکرێن و تابلۆیان پێبدرێت و پێویستە
شۆفێرەکانیان مۆڵەتی لێخورینیان هەبێت و مەرجەکانی سەلامەتی رەچاوبکەن.
هەروەها، بە ئامانجی زو تۆمارکردن و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی عێراق رسوماتی تۆمارکردنی ماتۆڕسکیلی "توک
توک" لە ١٥٠ هەزار دینارەوە بۆ ١٠٠ هەزار دینار کەمکردەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە ماوەی
رابردوودا لە هەرێم چەندین جار هەڵمەتی دەست بەسەراگرتنی ماتۆڕسیکیل جێبەجیکرا،
بەڵام نەتوانرا کێشەکانیان چارەسەربکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش تا ئێستا حکومەتی
ماوەبەسەرچووی هەرێم هەنگاوی کردەیی نەناوە.