دەسەڵاتدارانی چین سزایان بەسەر سەرۆکی نوێنەرایەتی ئابوری و کەلتوری تایوان و هەردوو دامەزراوەی رۆناڵد ریگن و هیدسۆنی ئەمریکیدا سەپاند.
نوسینگەی کاروباری تایوانی سەر بە لیژنەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی چین راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، شیاو مکین سەرۆکی نوێنەرایەتی ئابوری و کەلتوری تایوان کە بنکەی سەرەکی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکایە بەردەوامە لە هەڵوێستە سەرسەختانە و جوداخوازییەکانی و بۆ ئەمەش پەنای بۆ هێزی دەرەکی بردووە.
دەشڵێت، شیاو مکین پشت بە
پاڵپشتی و هاوکارییەکانی ئەمریکا دەبەستێت بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی
تایوان، هەربۆیە خودی شیاو مکین و سەرجەم کەسە نزیکەکانی بۆیان نییە سەردانی بەشی
کیشوەری چین و هۆن کۆنگ و ماکاو بکەن.
لەبەشێکی دیکەی
راگەیەنراوەکەدا هاتووە، حکومەتی چین سەرجەم دامەزراوە نیشتیمانی و تاکە کەسییەکان
ئاگاداردەکاتەوە کە هەر جۆرە مامەڵەکردنێک لەگەڵ هەرکۆمپانیا و لایەنێک کە پەیوەندی
بە شیاو مکینەوە هیبێت رێگە پێدراونییە.
هەروەها، دەسەڵاتدارانی
چین سزایان بەسەر هەردوو رێکخراوی
بڕۆسپێکت و ئاسیا و زەریای هێمن بۆ لێکۆڵینەوەکانی ئاشتی (APS)
بەهۆی پشتیوانی کردنیان لە چالاکییە جوداخوازییەکانی تایوان سەپاند.
هاوکات، ئەمڕۆ هەینی
دەسەڵاتدارانی چین سزایان بەسەر هەردوو دامەزراوەی هدسۆنی ئەمریکی و نوسینگەی
رۆناڵد ریگنی سەرۆکایەتی سەپاند بەهۆکاری ئەوەی سەرۆکی تایوان سەردانی ئەمریکای
کردووە.
وەزارەتی دەرەوەی چین
راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریکا چەندین جارە
داواکارییە دبلۆماسییەکانی چین بە هەند وەرناگرێت لە دۆسیەی خۆپاراستن لە پێنەدانی
ڤیزا بە سەرۆکی تایوان تا سەردانی ئەمریکا نەکات، بەڵام ئەمریکا ڤیزای پێداوە و
ئاسانکاری بۆ کردووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، چین پێی
وایە دورگەی تایوان بەشێکە لە خاکی وڵاتەکەی. لەبەرامبەردا، تایوان داوای سەربەخۆیی
دەکات و بۆ ئەمەش ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا پشتیوانی لێدەکەن.
لەماوەی رابردوودا، نانسی
پێلوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەسەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی سەردانی
دوورگەی تایوانی کرد و ئەمەش کاردانەوەی توندی چینی لێکەوتووە و ناکۆکییەکانی نێوان
چین و تایوانی ئاڵۆزتر کرد.