سەردێڕ:

تورکیا: بڕیاری قەرەبووکردنی تورکیا لەلایەن عێراقەوە دەرکراوە

PM:11:58:28/03/2023

8152 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زاره‌تى سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانى توركیا رایگه‌یاند، لە چوارچێوەی ئه‌و داوایه‌ى كه‌ له‌ دادگای پاریس له‌ نێوان توركیا و عێراق دادبینى بۆ ‌كرا، تا ئێستا چوار داواکاری عێراق ره‌تكراونه‌ته‌وه. دەشڵێت، "به‌شێكى زۆرى داواكارییه‌كانى توركیا قبوڵكراوه‌ و به‌مه‌ش بڕیارى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى توركیا له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ ده‌ركراوه‌".


وه‌زاره‌تى وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانى توركیا له‌باره‌ى بڕیارى دادگای ناوبژیوانی سەربە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس لەبارەی ئه‌و دۆسیه‌یه‌ى له‌ نێوان توركیا و عێراق دادبینیكرا راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئه‌و دۆسییه‌یه‌ له‌ راستیدا بریتییه‌ له‌ ره‌نگدانه‌وه‌ى ناكۆكى نێوان حكومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر پرسى بەڕێوەبردن و داهاتى نه‌وت كه‌ بۆماوه‌ى چه‌ندین ساڵه‌ به‌رده‌وامه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووە، توركیا هه‌میشه‌ رێزى له‌ یه‌كێتى و یه‌كپارچه‌یى عێراق گرتووە و ههو‌ڵیداوه‌ بۆ سه‌قامگیرى ئابورى و سیاسى ناوچه‌كه‌ و عێراق.

دەشڵێت، "له‌ دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى هه‌واڵى بردنه‌وه‌ى عێراق له‌و دۆسییه‌ى كه‌ له‌ نێوان توركیا و عێراق له‌ دادگای ناوبژیوانی سەربە ژوری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس دادبینیكرا، به‌ پێویستمان زانى راى گشتى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ ئاگادار بكه‌ینه‌وه‌".

راگەیەنراوەکە باسی لەوەشکردووە، توركیا هاوبه‌شى گرنگى ژماره‌یه‌كى زۆرى پرۆژه‌ى وزه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌ و هه‌میشه‌ به‌رپرسیارێتى خۆى به‌جێگه‌یاندووه‌. دەشڵێت، "وڵاته‌كه‌مان سه‌ره‌ڕاى هه‌موو ئه‌و ناسه‌قامگیریانه‌ى له‌ ناوچه‌كه‌دا سه‌ریانهه‌ڵداوه‌، له‌ ساڵى ١٩٧٣وه‌ ملیاره‌ها دۆلارى خه‌رج كردووه‌ بۆ به‌كارخستنى سیست‌مى هێڵى بۆرى نه‌وتى توركیا-عێراق و هاوكارى زۆرى كردووه‌ له‌ پاراستنى سه‌قامگیرى بازاڕى نه‌وتى جیهانى

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، به‌مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و ناكۆكییه‌ به‌ شێوه‌یه‌كى دۆستانه‌، تورکیا دیپلۆماسییه‌تێكى چڕى نیشانداوه‌ به‌رامبه‌ر لایه‌نه‌كان و وڵاته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، له‌ قۆناغى ئه‌م دادبینییه‌دا كه‌ پێیى گه‌یشتوون، ده‌سته‌ى ناوبژیوان له‌ كۆى پێنج داواكارى عێراق چواریانى ره‌تكردووه‌ته‌وه‌. دەشڵێت، به‌شێكى زۆرى داواكارییه‌كانى توركیاى قبوڵكردووه‌ و به‌هۆى ئه‌و پێشێلكاریانه‌وه‌ بڕیارى قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ى توركیاى له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ داوه‌. ئەمە لەکاتێکدایە، سێ رۆژ لەمەوبەر، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دۆسیەی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ تورکیا، لەلایەن دادگای نێودەوڵەتی لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا یەکلایی کراوەتەوە و کۆماری عێراق براوەیە و دادگای پاریس بە فەرمی رایگەیاند، تورکیا پێشێلکاری لە رێکەوتننامەی هێڵی بۆرییە نەوتەکانی عێراق کردووە.

دواتر نوسینگەی گواستنەوەی نەوتی عێراقی نووسراوێکی ئاڕاستەی بەندەری جەیهان کرد بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم و تورکیاش بە بڕیارەکانی دادگای پاریس پابەندبوو.

لەو بارەیەوە حکومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم رایگەیاند، بریاری دادگای فەرەنسی لە بەرژەوەندی حکومەتی عێراق دژی تورکیا، رێگر نابێت لە پەیوەندیەکانی نێوان هەرێم لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

هەر ئەمڕۆش، رۆژنامەى سەباحى فەرمى عێراق بڵاوى کردەوە، حکومەتى ماوەبەسەرچووى هەرێم داواى لە کۆمپانیاکانى نەوت کردووە، هەناردەى نەوت رابگرن و ئەو نەوتەى بەرهەمى دەهێنن کۆگاى بکەن.

هەریەک لە کۆمپانیاکانى دى ئێن ئۆ نەرویجى و گەڵف کی ستەون پترۆڵى بەریتانى ئاماژەیان بەوەکردووە، داواى بڕیارەکەى دادگاى پاریس ئەو نەوتەى بەرهەمى دەهێنن کۆگاى دەکەن.

هاوکات، چاوگێک لە کێڵگەی نەوتی گەرمیان بە ئێن ئاڕتیی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، دواین تانکەری نەوت لە بیرە نەوتەکانی حەسیرە بارکران و بەرهەمهێنانی نەوت راگیرا.













گەلەری