سەردێڕ:

یوتیوب دوای دوو ساڵ لە وەستاندن هەژماری ترەمپ کارا دەکاتەوە

PM:03:21:18/03/2023

2328 جار خوێندراوەتەوە

تۆڕی کۆمەڵایەتی یوتیوب دووبارە کارا کردنەوەی هەژماری تایبەت بە دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمریکای راگەیاند.


لەو بارەیەشەوە لە هەژمارێکی تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە ناوی "YouTubeInsider" راگەیەندراوێک بڵاوکراوەتەوە و تیایدا هاتووە، "لەمڕۆوە هەژمارەکەی دۆناڵد ترەمپ کارا کراوەتەوە و ناوبراو دەتوانێت بابەت و ڤیدیۆی نوێ بڵاوبکاتەوە". بەم شێوەیەش کۆتایی بە دوو ساڵ لە هەڵپەساردنی کەناڵەکەی ترەمپ دێت.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "ئەم کەناڵە هاوشێوەی هەموو کەناڵەکانی دیکەی یوتیوب بەردەوام دەبێت لە پابەندبوون بە یاساکانمانەوە".

بەمەش دۆناڵد ترەمپ لەمڕۆوە دەتوانێت بەگوێرەی یاساکانی یوتیوب ریکلامەکانی یوتویب بکڕێت و بەکاریان بهێنێت بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوابەدوای هەڵکوتانی لایەنگرانی ترەمپ بۆسەر باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا، یوتیوب بە پاساوی "هاندانی توندوتیژی" کۆمەڵێک ڤیدیۆی کەناڵەکەی ترەمپی لە یوتیوب سڕییەوە و دواتر کەناڵەکەشی هەڵپەسارد.













گەلەری