سەردێڕ:

خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی خوێندکارانی زانکۆکانی ئێران بەردەوامە

PM:01:51:13/11/2022

3284 جار خوێندراوەتەوە

یەکێتیی خوێندکارانی دامەزراوە ئیسلامییەکان لە ئێران رایگەیاند، خوێندکارانی هەریەک لە زانکۆکانی تاران، شەهید بەهەشتی، عەلامە تەباتەبای، بوبل نێوشیروانی، زانکۆی تەکنەلۆجیای نەسیرەدینی توسی و چەند زانکۆیەکی دیکەی ئەو وڵاتە بەردەوامن لە دەربڕینی ناڕەزایەتییەکانیان و داوای دەستبەجێ ئازادکردنی خوویندکارە دەستگیرکراوەکان دەکەن. هاوکات، لە شارەکانی سەردەشت و سەقز دوکانداران بایکۆتییان کرد و دوکانەکانیان داخست.


یەکێتیی خوێندکارانی دامەزراوە ئیسلامییەکان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تێلیگرام ژمارەیەک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە تیایاندا دەردەکەوێت، خوێندکارانی زانکۆکانی شەهید بەهەشتی تاران و بابول نۆشیرەوانی بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لە دژی دەستبەسەرکرانی هاوڕێکانیان، گردبوونەوە.

هەروەها، خوێندکارانی زانکۆی زەهرا بە نووسینی دروشم لەسەر دیوارەکان پاڵپشتی ناڕەزایەتییەکانیان کرد، خوێندکارانی زانکۆی تاران سروودیان دژی دەسەڵات وتووەتەوە و درێژەیان بە خۆپیشاندانەکەیان دا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، لە کۆلێژی کارگێڕیی زانکۆی تاران کە خۆپیشاندانی تێدا بەڕێوەچوو، پێکدادان لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خوێندکاران دروست بووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، خوێندکارانی زانکۆی عەللامە تەباتەبایی لە تاران بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی، کوتاڵی رەنگ سووریان لە درەختەکانی ناو کامپی زانکۆ هەڵواسیوە کە بە هێما، دروشم و ناو نەخشێندرابوو.

هاوکات، خوێندکارانی زانکۆی تەکنەلۆجیای نەسیرەدین توسی بە وتنەوەی دروشم کاردانەوەی خۆیان نیشان دا، خوێندکارانی زانکۆکانی هارزەمی کەرەج، زانست و کولتوور و تەکنەلۆجی شەریفیش ناڕەزایەتییان دەربڕی.

لە لایەکی دیکەوە راگەیەندرا کە دوکاندارەکانی شاری سەردەشت سەربە پارێزگای ئازەربایجانی خۆرئاوا و شاری سەقز سەربە پارێزگای کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکان، دوکانەکانیان داخست.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی ١٣ی ٩ی ٢٠٢٢، پۆلیسی ئەخلاقی تاران بە پاساوی "پابەند نەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامی" ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵی دەستگیر کرد، دوای دەستگیرکردنیشی رەوشی تەندروستی تێکچوو و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە، دواتر رۆژی ١٦ی ٩ی ٢٠٢٢ لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

دوابەدوای بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینی، لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارە گەورەکانی ئێران خۆپیشاندان دەستی پێکرد و گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ‌یزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران دروستبوو، بەجۆرێک بە گوێرەی کۆتا ئاماری رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران زیاتر لە ٣٠٤ خۆپیشاندەر کوژراون کە لەنێویاندا منداڵ و ژن هەن و بەسەدانی دیکەش دەستگیرکراون و تا ئێستاش خۆپیشاندانەکان بەردەوامیان هەیە.













گەلەری