رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان هۆشداریی دایە ئێران کە سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارنەهێنێت.
١٦ پسپۆڕی بواری مافەکانی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە ٢٩ی تشرینی یەکەمەوە تا ئێستا هەشت هاوڵاتی لە ئێران بەو تاوانانە تۆمەتبار کراون کە سزاکانیان لەسێدارەدانە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڵاوکردنەوەی فەساد لەسەر زەوی یەکێکە لەو تاوانانەی
تۆمەتباران بە هۆیەوە سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
هەروەها، ئەو پسپۆڕانە داوایان لە دەسەڵاتدارانی ئێران کردووە، سزای لەسێدارەدان
وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان بەکارنەهێنێت و ئەو خۆپیشاندەرانەش
ئازاد بکەن کە ئێستا دەست بەسەرن.
ئەوەشیان خستووەتەڕوو، لەڕێی سەرکوتکردنی بەردەوامی خۆپیشاندانەکانەوە، کۆمەڵێک
سکاڵانامە ئامادە دەکرێن کە تیایاندا داوای سزای لەسێدارەدان بۆ تۆمەتبار دەکرێت و
لە ماوەیەکی کورتیشدا ئەم سزایە جێبەجێ دەکرێت.
دەشڵێن، "لەوە دەترسین کە ئەو کچ و ژنانەی لە ریزەکانی پێشەوەی خۆپیشاندانەکاندان،
لەبەر ئەوەی داوای کۆتاییهێنان بە یاساکانی جیاکاری دەکەن، دەست بەسەر بکرێن یان
داکۆکیکارانی مافەکانی مرۆڤ کە لە ئێستادا لە زینداندان، بکرێنە ئامانج".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، لە ١٦ی ئەیلوولەوە تا ئێستا هەزاران خۆپیشاندەر
کە ژمارەیەکی زۆر ژنیشیان تیادایە، دەستبەسەر کراون و ١٤ کەسیان بە کەفالەت ئازاد
کراون، بەشێکی دەستبەسەرەکانیش لە زیندانی تاکەکەسیدا زیندانی کراون.
ئەمە لەکاتێکدایە، رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ماوەی رابردوودا ئاشکرای
کرد، تا ئێستا نزیکەی ٣٠٤ کەس لە خۆپیشاندانەکانی
ئێراندا گیانیان لەدەستداوە کە ٢٤یان ژن و ٤١یان منداڵ بوون، هەوڵەکانیش بۆ سەرکوت
کردنی خۆپیشاندانەکان بەردەوامن.
نزیکەی
دوو مانگە خۆپیشاندانەکان دژی حکومەتی ئیران بەهۆى کوژرانی کچێکی رۆژهەڵاتی
کوردستان بەناوی ژینا ئەمینی بەردەوامە
هاوکات، سەرکوتکردنی خۆپیشانداران
لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە بەردەوامە ویەکێتی ئەوروپاش پاکێجێکی سزایی بەسەر
ئێراندا پەسەندکرد لەبەرامبەر بەکارهێنانی توندوتیژی دژی خۆپیشاندەران.