سەردێڕ:

بەنداوی دەربەندیخان کەمتر لە ١٠ سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون

PM:12:45:27/04/2024

3216 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، بەنداوی دەربەندیخان کەمتر لە ١٠ سانتیمەتری ماوە بۆ سەرڕێژبوون. دەشڵێت، "پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت".


ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە دەربەندیخان ئاماژەی بەوە کرد، بەنداوی دەربەندیخان نزیکە لە سەرڕێژبوون و پێشبینی دەکرێت لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرڕێژ ببێت.

ئەوەشی خستە روو، بە گوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات و پێشبینی درووستبوونی لافاو دەکرێت، هەر بۆیە چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەنداوی دەربەندیخانیش سەرڕێژ ببێت.

باسی لەوەش کرد، زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوەکە هیچ مەترسییەکی لەسەر بەنداوەکە نییە، بەوپێیەی لە چەند ساڵی رابردوودا، چەند تیمێکی بیانی چاکسازییان لە بەنداوەکەدا کردووە و زیانەکانی بوومەلەرزەکەی ساڵی ٢٠١٧ـیان لەسەر بەنداوەکە چارەسەر کردووە.

وتیشی، "سەرڕێژبوونی بەنداوەکە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووباری سیروان، کە چەندین جوتیار بۆ ئاودانی زەوییەکانیان پشت بەو رووبارە دەبەستن".

ئاماژەی بەوەش کرد، بە سەرڕێژبوونی بەنداوەکە، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز دەبێتەوە، بەڵام هاوڵاتیان باس لەوە دەکەن، هیچ هیوایەکیان بە حکومەتی کاربەڕێکەر نییە پێدانی کارەبای نیشتمانیی بە هاوڵاتیانی سنوورەکە زیاد بکات.

بەنداوى دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوە لە هەرێمى کوردستان و تواناى گلدانەوەى زیاتر لە سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە و بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی کە ئەمساڵ روویکردە هەرێم، چاوەڕوان دەکرێت بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت.
گەرمیان حەمەی پور - دەربەندیخان













گەلەری