سەردێڕ:

بازاڕی لەنگەی هەولێر لە نێوان ئاگرکەوتنەوە و قەرەبووکردنەوەدا

PM:02:18:26/04/2024

768 جار خوێندراوەتەوە

لەماوەی شەش ساڵی رابردوودا سێ جار ئاگر لە بازاڕى لەنگە لە هەولیر کەوتوەتەوە و تێیدا سەدان کاسبکار زەرەرمەندبوون، چەند بارەبوونەوەى ئاگرکەوتنەکان گومانى لای خاوەن دوکانەکان دروستکردووە بەجۆرێک پییان وایە دەستێک لەپشت ئاگرکەوتنەوەکانەوەن. هاوکات تا ئێستا لەلایەن حکومەتی کاربەڕێکەرەوە هیچ قەرەبوویەک نەکراونەتەوە.


ئەمڕۆ هەینی، کاسبکارێکی بازاڕی لەنگەی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی وت، لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە تا ئەمڕۆ بەهۆی ئاگرکەوتنەوە زیاتر لە ٦٠ هەزار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و هیچ قەرەبوویەک نەکراوەتەوە.

باسی لەوەش کرد، تەنها جار جارە لیژنەیەک دێت و سەردانیان دەکات و راپۆرتێک دەنوسێت لەسەر رێژەی زیانەکان، بەڵام هیچ شتێکیان بۆ ناکرێت. وتیشی، "بەهۆی بێباکی حکومەتی کاربەڕێکەوە ناچارین بۆ سێیەم جار خۆمان دووکانەکانمان نۆژەنبکەینەوە".

لەلایەکی دیکەشەوە گومانی کاسبکارانی بازاڕى لەنگەى هەولێر لە ئاگرکەوتنەوەى یەک لەدواى یەکی بازاڕەکە تا دێت زیاتر دەبێت چونکە وەک خۆیان دەڵێن تا ئێستا هیچ بەلگەیەک لەسەر روداوی ئاگرەکان ئاشکرانەکراوە.

گومانی کاسبکارانی بازاڕی لەنگە؛

کاسبکارانی ئەو بازاڕە دەڵێن، گومانی ئەوە دەکەن دەستێک لە پشتی ڕوداوەکانەوە هەبێت و بیانەوێت دوکانەکانیان پێچۆڵبکەن، باس لەوەش دەکەن، گومانەکانیان لەوەوە دەستی پێکردووە کە رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکەدا زۆر بووە و بەردەوام بەوهۆیەوە زیانیان پێدەگات و دەشڵێن، "گومانمان هەیە دەستێک لە پشتی روووداوەکانەوە هەبێت و بیانەوێت دوکانەکانمان پێچۆڵبکەن".

هۆکاری درەنگ کۆنترۆلکردنی ئاگرەکان لە هەولێر

بەشێک لە هۆکارەکانی تەشەنەسەندنی ئاگرەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لەشارێکی وەک هەولێر کەدانیشتووانەکەی زیاترە لەیەک ملیۆن کەس و لە ١٥٣ گەڕەک پێکهاتووە، بەڵام تەنیا ١٠ بنکەی ئاگرکوژێنەوەی لێیە، کە بنکەیەکیان تایبەتە بە فڕۆکەخانە، ئەوەش وایکردووە، تیمەکانی بەرگری شارستانی درەنگ بگەنە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ٣ـی نیسانی ئەمساڵ جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە و لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەوە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەبوو لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، جگە لەوەی لە ساڵانی رابردووشدا زوو زوو ئاگر لە لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی گەیاندنی زیانێکی زۆر بە هاوڵاتییان و کاسبکارانی بازاڕەکە.













گەلەری