وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی هێزەکانی سوپای ئیسرائیلدا بۆسەر ئاوارە فەڵەستیینیەکان زیاتر لە ٢٠ کەس گیانیان لە دەستدا و ١٥٠ کەسی دیکەش برینداربوون.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەشرەف ئەلقەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، هێزەکانی سوپای ئیسرائیل لە رێگەی هێرشی موشەکییەوە کۆمەڵێک ئاوارەی فەڵەستینیان کردە ئامانج و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٠ فەڵەستینی و برینداربوونی ١٥٠ کەسی تر.
ئاماژەی بەوەش کردووە ، ئاوارە فەڵەستینییەکان لە خاڵی یەکگرتنی
کوێت لەسەر رێگای سەڵاحەدین چاوەڕێی ئەو بارهەڵگرانە بوون کە لە رەفاوە دەهاتن و
هاوکاری مرۆییان لەخۆ گرتبوو.
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، لە
سەرەتای جەنگەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی ٢٦ هەزار کەس لەکەرتی غەززە بەهۆی هێرشەکانی
ئیسرائیلەوە گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان منداڵ و ژن بوون و ژمارەی
بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی ٦٣ هەزار و ٧٤٠ کەس.
ئەمەش لە کاتێکدایە ، لە ٧ـی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە
تا ئێستا جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل هەڵگیرساوە و ماوەی ١١١ رۆژە بەردەوامە. بەو هۆیەشەوە
هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون و برینداربوون.