سەردێڕ:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەندین بنکەی چەکداری لە سنوری عێراق و سوریا بۆردوومان کرد

AM:09:51:31/12/2023

1784 جار خوێندراوەتەوە

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی چەندین بنکەی چەکداری لە دێرەزوور و سنووری سوریا بۆردوومان کرد.


روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشکردووە، لە رێگای چەند مووشەکێکەوە هێزەکانی هاوپەیمانان ئەو بنکە چەکداریانەیان بۆردوومان کردووە.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە هەمان کاتدا فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دوو شوێنی جیاوازی ئەو چەکدارانەیان لە دێرەزوور بۆردوومان کردووە و هیچ زانیارییەکیشیان لەبارەی زیانەکانییەوە نەخستووەتە ڕوو.

ئەمەش دوای هێرشەکانی ئەو گروپە چەکدارانە هات بۆسەر دوو بنکەی سەربازانی ئەمریکا و دوو هێرشی مووشەکی بۆسەر بنکەکانی کێڵگەی نەوتی عومەر کە گەورەترین بنکەی هاوپەیمانانە لە سوریا و کێڵگەی کۆنیکۆ بۆ غاز لە دێرەزوور.

روانگەی سوری باسی لەوەشكردووە، نزیکەی ٤٠ مووشەک لە ناوەوە و دەوروبەری ئەو دوو بنکەیە کەوتوونەتە خوارەوە و هێزە زەمینییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی رووبەڕووی بوونەتەوە.

دوێنێش، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا "پنتاگۆن" بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تا ئێستا نزیکەی ١٠٦ هێرش کراوەتە سەر بنکەکانیان لە سوریا و عێراق، لە ئەگەری بەردەوامی هێرشەکانیش، ئەمریکا هەموو هەنگاوێکی پێویست بۆ پاراستنی هێزەکانیان دەگرێتەبەر.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێکاری گرنگ بۆ پاراستنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا و لەگەڵ بەردەوامبوونی ئەو هێرشانە، ئەمریکا ناچار دەبێت لە کات و شوێنی گونجاودا وەڵام بداتەوە.













گەلەری