سەردێڕ:

بەتوانای پاڵاوتنی ٣٠٠ هەزار بەرمیلی رۆژانە؛ عێراق پاڵاوگەی فاو دادەمەزرێنێت

PM:11:34:16/05/2024

3436 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پاڵاوگەی وەبەرهێنانی فاو یەکەمین پاڵاوگە دەبێت کە لە بەندەری فاودا دادەمەزرێنرێت کە لە توانایدایە رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت و بیانگۆڕێت بۆ بەرهەم و بە نرخی جیهانی بفرۆشرێن. دەشڵێت، پڕۆژەی دامەزراندنی پاڵاوگەکە زیاتر لە ١٥ هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پاڵاوگەی وەبەرهێنانی فاو یەکەم پاڵاوگەیە کە لە بەندەری فاو دادەمەزرێنرێت و ئامانج لێی زیادکردنی پڕۆسەی هەناردەکردن و بەدەستهێنانی داهاتی نوێ، هاوکات جوڵاندنی چەرخی پیشەسازییە.

ئاماژەی بەوەش کرد، پاڵاوگەکە پاڵپشتی پرسی نەوت دەبێت و رۆژانە لە توانایدایە رۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل بپاڵێوێت و بیانگۆڕێت بۆ بەرهەم و بە نرخی جیهانی بفرۆشرێن.

ئەوەشی خستە روو، پاڵاوگەکە پێویستی ناوخۆی عێراق بۆ بەرهەمە نەوتییەکان دابین دەکات و دەرفەتی کار بۆ زیاتر لە پێنج هەزار کرێکار لە قۆناغی یەکەمدا دەڕەخسێنێت و لەکاتی کەوتنە کاریشدا بەردەوام هەزار کرێکار کاری تێدا دەکەن.

باسی لەوەش کرد، قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە چوار ساڵ دەخایەنێت و قۆناغی دووەمیش پێنج ساڵ دەخایەنێت، لەو دوو قۆناغەدا زیاتر لە ١٥ هەزار هەلی کار دەڕەخسێنرێت.

راشیگەیاند، پڕۆژەکە بە یەکێک لە پڕۆژە ستراتیژییەکان لە کەرتی پاڵاوتن دادەنرێت و عێراق دەگوازێتەوە بۆ ئاستی ئەو وڵاتانەی کە بەرهەمی نەوت هەناردە دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بەندەری فاو بەندەرێکە کە لە تورکیاوە عێراق بە ئەوروپاوە دەبەستێتەوە و دەبێتە رێڕەوێکی گرنگ بۆ گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان ئەوروپا و رۆژهەڵات لە عێراقەوە.

بەندەرەکە دەکەوێتە باشووری بەسرە، دەبێتە یەکێک لە ١٠ گەورەترین بەندەرەکانی جیهان و تێچووی پڕۆژەکە چوار ملیار و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆیە، ساڵانە توانای گواستنەوەی ٩٩ ملیۆن تۆن کەلوپەلی هەیە و ساڵانە ٢٥ تا ٣٥ ملیار دۆلار داهاتی دەبێت بۆ عێراق.













گەلەری