سەردێڕ:

کۆتایی ئەم هەفتەیە بەغدا مووچە دەنێرێت

PM:09:47:04/05/2024

36076 جار خوێندراوەتەوە

شارەزایەکی ئابووری لەبارەی مووچەی مانگی چوارەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو کێشانەی کە لە لیستی مووچەی مانگی چواردا دروستبووە بووەتە هۆی دواکەوتنی ناردنی مووچەی مانگی نیسان کێشەی تەکنیکییە و کێشەی سیاسی نییە. دەشڵێت، "رەنگە لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بەغدا مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم رەوانە بکات".


ئەمڕۆ شەممە، کاوە عەبدولعەزیز شارەزای ئابووری لە بەرنامەی تاوتوێی ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، جێگای سەرسوڕمانە کە تا ئێستا پرسی مووچە سەردێڕی هەواڵەکانە و سەرەڕای ئەوەی کە لە کێشە سیاسییەکانیش جیاکراوەتەوە هێشتا چارەسەر نەکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو گرفتەی لە لیستی مووچەی مانگی چواردا دروستبووە کێشەی تەکنیکیە و رەنگە لەم هەفتەیەدا چارەسەربکرێت و تاکۆتایی هەفتە بەغدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم رەوانەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بکات. وتیشی، " بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم سەرجەم گرفتەکانی مووچە چارەسەردەکات و پێویستیشە تا کاتی یەکلایی بوونەوەی گفتوگۆکانی بەغدا و هەرێم لە بارەی هەژماری من و بانکە حکومییەکان، بەغدا مووچەی مووچەخۆران بە پارەی نەختینە بنێرێت".

باسی لەوەش کرد، بەپێی دەستوور هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق یەکسانن و بەو هۆیەشەوە فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت مووچەکانیان هاوتای عێراق بکرێت چونکە ناکرێت بەهۆی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم مووچەخۆرانی هەرێم ببنە قوربانی و دوو مانگ مووچە بدرێت و جارێکی دیکە دووبارە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم سەرهەڵبدەنەوە.

هاوکات، بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ناردنی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێم بەهۆی هەبوونی گرفتەوە دواکەت، بەڵام ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، گرفتەکە تەنها لە دەرخستەی کۆتایی مانگی سێدا نەبووە، بەڵکو گرفت لە رێککەوتنەکان لەگەڵ هەرێمدا هەبووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، لە ئێستادا مووچەخۆرانی هەرێم لە مانگی ئایاردان، بەڵام هێشتا مووچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە، لەکاتێکدا، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە حکومەتی عێراق داوا لە حکومەتی کاربەڕێکەر دەکات لیستی مووچەی مووچەخۆرانیان بۆ مانگی نیسان بۆ بنێرن، سەرەڕای درەنگ ناردنی لیستەکە لەلایەن هەرێمەوە، بەڵام گرفت لە لیستەکە و دەرخستەی کۆتایی مانگی ئازاریشدا هەبوو، ئەوەش ناردنی مووچەی دواخستبوو و لە ئێستاشدا گرفتی ئەوە هەیە، کە هەرێم داهاتەکانی رادەستی بەغدا ناکات بۆ ئەوەی بەزووترین کات بەغدا مووچەی مووچەخۆران بنێرێت.













گەلەری