سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی: بە تەکنیکێکی نوێ رێگە لە خراپبوونی گەنمی جوتیاران دەگرین

PM:05:42:04/05/2024

1140 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لەرێگای تەکنیکێکی نوێوە گەنمی جوتیاران دژی تەڕبوون و خراپبوونیان بەهۆی بارانبارین و گەرماوە لەسەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەپارێزن. دەشڵێت، " لە ١٢ پارێزگای عێراق دەستمان بە بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران کردووە".


ئەمڕۆ شەممە، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، وەرزی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران لە ١٢ پارێزگای عێراق دەستی پێکردووە و بڕیاریشە لە شەش پارێزگای دیکە دەست بە بەبازاڕکردنی گەنمەکانیان بکرێت.

ئاماژە بەوەش کرد، لە ئێستادا چەندین ئامێر بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتی گەنمی جوتیاران دراوەتە سەرجەم یەکەکان و بریکارانی خۆراک لە ناوچە جیاوازەکان بەمەبەستی پاراستنی کوالێتی لەکاتی گواستنەوەی گەنمی جوتیاران.

باسی لەوەش کرد، باران بارینی ئەمساڵ هیچ کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر گەنمی جوتیاران جێناهێڵێت بەهۆی ئەوەی سیستەمی پارێزبەندی لە سایلۆکاندا جێبەجێکراوە و تیمێکی تایبەتیش بەبەردەوامی چاودێری دۆخی سایلۆکان دەکەن. وتیشی، " تیمەکانی وەزارەتی بازرگانی وهێڵی بازرگانی گەنمی جوتیاران ٢٤ کاتژمێر لە کاردان و ئەوەش لە پێناو بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران و گەڕانەوەی داهاتێکی باشترە بۆیان".

هاوکات ئەحمەد جاسم بەڕێوەبەری کشتوکاڵی دیوانیە رایگەیاند، ماوەی هەفتەیەکە وەرزی بەبازاڕکردنی گەنم لە پارێزگای دیوانیە دەستی پێکردووە، تاوەکو ئێستا ٦٠ هەزار و ٧٠٠ تۆن گەنمیان لە جوتیاران کڕیوە و چاوەڕوان دەکەن تا کۆتایی وەرز بڕی ٢٤٦ هەزار تۆن گەنم لە جوتیاران بکڕن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزارەتى کشتوکاڵى عێراقیش ئاماژەی بەوە کرد، بڕی وەرگرتنی گەنم لەمساڵدا رێژەیەکی پێوانەیی تۆمار دەکات کە پێشبینی دەکەن نزیکەی حەوت ملیۆن تەن گەنم لە جوتیاران بکڕن.

رۆژی ١٢ـی نیسان وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، دەستیان کردووە بە وەرگرتنی گەنمی ناوخۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٤. وتیشی، "هەوڵ دەدەین زۆرترین بڕی گەنم لە جوتیاران بکڕین".













گەلەری