سەردێڕ:

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا؛ پارتی کرێکاران شکستی بە پارتی پارێزگارانی دەسەڵات هێنا

PM:04:35:04/05/2024

1536 جار خوێندراوەتەوە

پارتی کرێکاران لە بەریتانیا سەرکەوتنی گەورەی لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەوانییەکان بەدەستهێناوە و فشاریشی خستووەتە سەر پارتی دەسەڵاتدار دەستبەجێ وادەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دیاری بکات.


هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی بەریتانیا پارتی دەسەڵاتداری خستە پلەی سێیەم و پارتی کرێکارانیش کە پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە جەخت دەکاتەوە، کاتی ئەوە هاتووە ریشی سوناکی سەرۆک وەزیران، دەستبەرداری دەسەڵات ببێت و دەستبەجێ وادەی هەڵبژاردنە گشتییەکان رابگەیەنێت.

بەپێی دواین ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە ٤٣ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەبوو، پارتی کرێکاران لە دوای ١٤ ساڵ توانی شکستێکی گەورە بە پارتی پارێزگارانی دەسەڵاتدار بهێنێت و لە کۆی دوو هەزار و ٦٣٦ کورسی ئەنجومەنی شارەوانییەکانی بەریتانیا، هەزار و ٢٦ کورسی بەدەستهێناوە، بەوەش ١٧٧ کورسی زیاد کردووە.

هاوکات لە پلەی دووەمدا پارتی لیبڕاڵ دیموکرات دێت، کە توانیویەتی بە بردنەوەی ٥٠٠ کورسی ئەنجومەنی شارەوانییەکان پلەی دووەم بەدەست بهێنێت.

هەرچی پارتی پارێزگارانیشە ژمارەیەکی زۆر لە کورسییەکانی لەدەستداوە و تەنیا ٤٦٨ کورسی بەدەستهێناوە.

هاوکات، سادق خان کە دوو خولە سەرۆکی شارەوانی لەندەنە ئاماژەی بەوە کرد، رەنگە بەهۆی کەمی رێژەی دەنگدانەوە لە شاری لەندەن، پۆستەکەی لە بەرژەوەندیی کاندیدی پارتی پارێزگاران لەدەست بدات. لە ئەنجومەنی شارەوانیی شاری (بلاکبۆل)ـیش کە چەندین ساڵە پارێزگارەکان تیایدا باڵادەستن، دەنگەکانیان لە بەرژەوەندی پارتی کرێکاران لەدەستدا.

چاودێرانی سیاسیش پێیان وایە ئەم هەڵبژاردنە تاقیکردنەوەیەکە بۆ رای گشتی بەریتانیا بۆ هەردوو پارتی کرێکاران و پارێزەران بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنە گشتییەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە هێشتا کاتی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی بەریتانیا دیاری نەکراوە، بەڵام بەپێی یاساکانی ئەو وڵاتە نابێت وادەی هەڵبژاردنەکە لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٥ تێپەڕ بکات.

لە هەمان کاتدا، گەر رای گشتی هاوڵاتیانی بەریتانیا بەم شێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە کە لە هەڵبژاردنە خۆجێیەکان روویدا، ئەوا ئەگەر زۆرە پارتی کرێکاران لەدوای هەڵبژاردنە گشتییەکان و لە دوای ١٤ ساڵ جارێکی تر جڵەوی دەسەڵات لە وڵاتەکەدا بگرێتەوە دەست.













گەلەری