سەردێڕ:

سەرۆک وەزیرانی عێراق هەژماری منی بەتەواوی رەتکردەوە

PM:01:46:04/05/2024

11076 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بانکی تی بی ئای رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی پێکردوون بە زووترین کات دەست بکەن بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.


ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەژماری منی بەتەواوی رەتکردەوە، بەڕێوەبەری بانکی تی بی ئایش رایگەیاند، سودانی فەرمانی پێکردوون بە زووترین کات دەست بکەن بە بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

هاوکات بە گوێرەی زانیارییەکان، بانکەکانی رەشید و رافیدەین لقەکانیان لە شارەکانی هەرێم دەکەنەوە و بەشدار دەبن لە پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوای فشارەکانی نەوەی نوێ و پێداگیری حکومەتی عێراق بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران لەڕێگای بانکی تی بی ئایەوە، پڕۆژەى هەژمارى منی مەسرور بارزانى نزیک بووەتەوە لە هەڵوەشانەوە و بەپێی نوسراوێک حکومەتی ماوە بەسەرچوو رازی بووە بە کردنەوەی هەژماری بانکی لە بانکەکانی تی بی ئای و رەشید و رافیدەین.

بیرۆکەی هەژماری من ئەوە بوو موچەخۆران تەنها لەو پێنج بانکە ژمارە حساب بکەنەوە کە پارتی و یەکێتی دیارییان کردوە، بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆران لەژێر دەستی خۆیان بێت.

هاوکات، بەم هەنگاوە لە روویی کردارییەوە هەژماری من هەڵوەشایەوە، چونکە فەرمانبەر و مووچەخۆران سەرپشکن لەوەی لەو بانکە حکومییە عێراقییە ژمارەی بانکی بکەنەوە کە نەوەی نوێ ماوەی ٦ مانگ زیاترە داوای دەکات و ١١٩ واژۆی پەرلەمانتارانی بۆ کۆکردەوە.

هاوکات، نەوەى نوێ تائێستا دوو جار بە واژۆی پەرلەمانتارانى عێراق پرۆژەى ئامادە کردووە بۆ بەبانکیکردنى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم لەڕێگەى بانکە حکومییەکانى عێراقەوە، کە نوێترینیان هەفتەی پێشوو بوو دژی هەژماری من ٨٦ واژۆی پەرلەمانتارانی عێراقیان کۆکردەوە و داوایان لە سەرۆک وەزیرانى عێراق کرد پرۆژەى هەژمارى منی پارتى و یەکێتى بەتەواوى رەت بکاتەوە، تا مووچەی مووچەخۆران لە دەستی پارتی و یەکێتی دەربهێنرێت.


 













گەلەری