سەردێڕ:

تانکەرێکی سوتەمەنی لە روڤیا سوتا و شۆفێرەکەی گیانی لەدەستدا

PM:01:03:04/05/2024

1212 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی وەگەڕان و سوتانی تانکەرێکی سوتەمەنییەوە لە ناحیەی روڤیای دهۆک شۆفێرەکەی تێیدا سوتا و گیانی لەدەستدا.


وشیار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی روڤیا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تانکەرەکە لە ناحیەی کەڵەکچییەوە بەرەو هەولێر رۆیشتووە و لە بەرزەپردی ناحییەی روڤیادا کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە.

باسی لەوەشکرد، لەگەڵ وەرگەڕانیدا تانکەرەکە ئاگری گرتووە و شۆفێرەکەش لە ناویدا بووە و سوتاوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، تانکەرەکە نەوتی رەشی بارکردووە و شۆفێرەکەی کوڕێکی گەنج بووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەی خستەڕوو، لە ئێستادا تەرمی شۆفێرەکە بۆ پزیشکی دادی دهۆک بەڕێکراوە.

لە ئێستادا بەهۆی رووداوەکەوە ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە لەو شەقامەی تانکەرەکەی تێدا وەرگەڕاوە و تیمەکانی بەرگری شارستانی سەرقاڵی پاککردنەوەی رێگاکەن.

رووداوەکانی هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارەکانی گیانلەدەستدان لە هەرێم دادەنرێن، لەکاتێکدا هاتوچۆ بەشێکی هۆکارەکەی بۆ پابەند نەبوونی شۆفێران بە یاساکانی هاتوچۆ و تیژڕۆیی دەگێڕێتەوە و بەشێکی شۆفێرانیش هۆکارەکەی بۆ خراپی دۆخی رێگاوبانەکان دەگەڕێننەوە، کە سەرجەم شەقامەکان بۆ تانکەر و بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلی تایبەت یەک رێگان و ئەوەش کاریگەریی لەسەر زوو تێکچوونی رێگاکان دروست دەکات.
شکیران زێباری - بەردەڕەش













گەلەری