سەردێڕ:

رووسیا: ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا

AM:09:58:04/05/2024

2360 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى وەزارەتى دەرەوەى روسیا رایگەیاند، وڵاتەکەى ئامادەیە بۆ دانوستانى ئاشتى لەگەڵ ئۆکرانیا. دەشڵێت، دەبێت بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەبەرچاو بگیرێن.


ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەنوسیدا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، ئامادەن دانوستانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا بکەن، بەڵام دەبێت بەرژەوەندییەکانی رووسیا لەبەرچاو بگیرێن، "زمانی هەڕەشە لە هیچ لایەنێکیش قبوڵ ناکەین".

باسی لەوەش کرد، هەر پێشنیازێک بۆ ئاشتى، دەبێت پابەندبوونی ئۆکرانیا لەخۆ بگرێت بەوەی کە لە داهاتوودا بێلایەنی خۆی بپارێزێت.

پێشتر ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاندبوو، دانوستانەکان تەنها لەسەر بنەمای کشانەوەی هێزەکانی رووسیا و ئاگربەست دەکرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە ناوەڕاستی مانگی داهاتوودا لوتکەی جیهانیی ئاشتی لە سویسرا بەڕێوەدەچێت و رووسیا بەشدار نییە تیایدا، ئامانجی لوتکەکەش ئەوەیە، وڵاتانی جیهان پلانێکی ئاشتی بۆ راگرتنی جەنگی ئۆکرانیا دابڕێژن و پێشکەش بە رووسیای بکەن.
لە ٢٤ـی شوباتی ٢٠٢٢، هێزەکانی رووسیا بە فەرمانی راستەوخۆی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا، هێرشیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەست پێکرد، تا ئێستاش جەنگەکە بەردەوامە و وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەمریکا، بەردەوامن لە ناردنی هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ ئۆکرانیا.













گەلەری