سەردێڕ:

هەولێر؛ بە سێ کابینەی حکومەت و سێ پارێزگار نەتوانراوە شەقامێکی پێنج کیلۆمەتری تەواوبکرێت

AM:09:13:04/05/2024

2264 جار خوێندراوەتەوە

پڕۆژەی دووسایدی رێگاوبانی گەڕەکی فەرمانبەران لە هەولێر، ماوەی نزیکەی ١٢ ساڵە بە تەواونەکراوی بەجێهێڵدراوە، لە کاتێکدا شەقامەکە تەنیا پێنج کیلۆمەترە. هاوڵاتییانیش دەڵێن، بەهۆی شەقامەکەوە لە وەرزەکانی هاوین و زستاندا گیرۆدەن بەدەست تەپوتۆز و قوڕ و لیتەی ناوچەکەیانەوە.


ماوەی ١٢ ساڵە بەردی بناغەی پڕۆژەی بەدووسایدکردنی رێگاوبانی گەڕەکی فەرمانبەرانی هەولێر دانراوە، دوای سێ کابینەی حکومەت و سێ پارێزگاری شارەکە، تا ئێستا پڕۆژەکە تەواو نەکراوە.

گەڕەکی فەرمانبەران یەکێکە لە گەورەترین گەڕەکەکانی شاری هەولێر، جگە لە تەواونەکردنی پڕۆژەی بەدووسایدکردنی رێگاوبانی گەڕەکەکەیان، هاوڵاتییانی ئەو گەڕەکە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزاری دیکەی وەک ئاوەڕۆشەوە دەناڵێنن.

تەواونەکردنى ئەو پڕۆژانە لەکاتێکدایە، سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لەکاتی راگەیاندنی کابینەکەیدا، بەڵێنیدا جگە لەتەواوکردنی پرۆژە تەواونەکراوەکان، پڕۆژەی نوێش بونیاد بنێت، بەڵام نەک نەیتوانی بناغەی پرۆژەی نوێ دابنێت، بەڵکو چەندین پڕۆژەی دیکەی تەواونەکراوی پێش کابینەکەشی هەر بە تەواونەکراوی بەجێ هێشتووە.

کابینەکەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی جێگری، ئاماژە بەوە دەکەن کە سێ هەزار و ٣٥٩ پڕۆژەیان جێبەجێ کردووە، بەوپێیە دەبێت لە هەر رۆژێکدا زیاتر لە دوو پڕۆژە جێبەجێ کرابن، بەڵام داتاکانی بەڵێندەران ئەوەی تیادا خراوەتە روو، کارکردن لە زیاتر لە حەوت هەزار پڕۆژە لە هەرێم بەتەواوی وەستاوە.













گەلەری