سەردێڕ:

لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا هەناردەی تورکیا بۆ عێراق زیادی کردووە

PM:09:32:03/05/2024

808 جار خوێندراوەتەوە

دامەزراوەی "ئایندەی عێراق" بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئابووری رایگەیاند، بەپێی داتاکان هەناردەی تورکیا بۆ عێراق لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا بەڕێژەی ٣٢٪ بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو زیادی کردووە.


ئەمڕۆ هەینی، دامەزراوەی "ئایندەی عێراق" بۆ لێکۆڵینەوە و راوێژکاری ئابووری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە داتاکانیان لە ماوەی چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا تێکڕای هەناردەکردن لە تورکیاوە بۆ عێراق زیاتر لە دوو ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، تێکڕای هەناردەکردنی مادە خۆراکییەکان بەتایبەت ئاردی سفر لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا لە تورکیاوە بۆ خاکی عێراق بەڕێژەی ٣١٪ زیادی کردووە.

باس لەوەش کراوە، هەر لەو ماوەیەدا ئاستی هەناردەکردنی کەرەستەی جۆراوجۆر بە تایبەتی زێڕ بە رێژەی ٤٩٪ زیادی کردووە، هاوکات هەناردەکردنی ئامێر و ئامڕازەکانی گواستنەوەش بە رێژەی زیاتر لە ٣٥٪ زیادی کردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٦ـی نیسان سەرۆکی کۆمەڵەی نێودەوڵەتی پیشەسازی و بازرگانان لە تورکیا و عێراق رایگەیاند، هەناردەی کەلوپەلی تورکیا بۆ عێراق لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا ٢٥ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە و پێشبینی دەکرێت هەناردەکردن زیاد بکات و ساڵانە بگاتە ١٦ ملیار دۆلار.













گەلەری