سەردێڕ:

روسیا: لەسەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١١١ هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون

PM:08:04:03/05/2024

1020 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١١١ هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و زیاتر لە ٢١ هەزار چەک و کەرەستەی سەربازیش لەناوبراون، هەروەها روسیا زیاتر لە ٥٤٧ کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی ئۆکرانیای کۆنتڕۆڵ کردووە.


ئەمڕۆ هەینی، سێرگی شویگۆ وەزیری بەرگری روسیا رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکرانیا بەهۆی هێرشەکانی روسیاوە بەردەوامن لە پاشەکشە و وازهێنان لە پێگەکانیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە روسیا زیاتر لە ٥٤٧ کیلۆمەتر چوارگۆشە خاکی ئۆکرانیای کۆنتڕۆڵ کردووە.

ئەوەشی خستە روو، هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە زیاتر لە ١١١ هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و زیاتر لە ٢١ هەزار چەک و کەرەستەی سەربازی ئەو وڵاتە لەناوبراون.

هاوکات هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا روسیا ١١٦ مووشەکی ئاڕاستەی چەند بنکەیەکی سەربازیی ئۆکرانیا کردووە و ٧٠ هێرشی درۆنیشی بۆ سەر چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی ئەنجامداوە. وتیشی، "روسیا دەستی بە هێرشێکی فراوانی مووشەکی کردووە".

لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢، بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی زەمینیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپیکرد و لەو کاتەوە بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون بەهۆی جەنگەکەوە













گەلەری