سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەستی بە دابەشکردنی هاوکاری دارایی بەسەر خێزانە ئاوارەکاندا کرد

PM:06:56:03/05/2024

1012 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، دەست بە دابەشکردنی هاوکاری دارایی بەسەر ئەو خێزانە ئاوارانەدا کراوە کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و لە ئێستادا زیاتر لە ١٠٠ خێزان هاوکاری داراییان بە بڕی چوار ملیۆن دینار بەسەردا دابەش کراوە.


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لەژێر رێنماییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لیژنەی دابەشکردنی پارەی نەختینەیی، هاوکاری دارایی بەسەر ١٠٢ خێزاندا دابەش کرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکارییەکە بڕی چوار ملیۆن دینار بوو بۆ هەر خێزانێک لەو ئاوارانەی کە لە ماوەی رابردوودا گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال و نەینەوا.

ئەوەشی خستە روو، پێدانی هاوکاری دارایی بۆ ئەو خێزانانە بەمەبەستی هاندانیانە بۆ ئەوەی پێش بەرواری داخستنی سەرجەم کەمپەکان بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

ئەمەش لەدوای ئەوە دێت، لە ماوەکانی رابردوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی بڕی ئەو یارمەتییەی کە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان دابینکراوە لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارەوە بۆ ٤ ملیۆن دینار.

هاوکات، بەمەبەستی کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەبوون و داخستنی کەمپەکان ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا تاوەکو رۆژی ٣٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ سەرجەم کەمپەکان دابخرێن و ئاوارەکان بگەڕێنرێنەوە ناوچەکانی خۆیان.












گەلەری