سەردێڕ:

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بۆ ئێن ئاڕ تی: بەنداوی دەربەندیخان نزیکە لە سەرڕێژبوون

PM:03:50:03/05/2024

2104 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلی بارانبارینەی کە لە شەوی رابردوەوە رووی لە ناوچەکە کردووە سامانی ئاوی زیادیکردووە و بەمەبەستی راگرتنی باڵانسی ئاستی داهاتی ئاوی و بەکاربردنی ئاو یەکێک لە دەروازەکان کراوەتەوە. دەشڵێت، "بەنداوەکە کەمتر لە ٢٥ سانتیمەتری ماوە بۆ سەر رێژبوون".


ئەمڕۆ هەینی، سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان لەبارەی کردنەوەی یەکێک لە دەروازەکانی بەنداوەکە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی ئەو بارانبارینەی کە ماوەی دوو رۆژە رووی لە ناوچەکە کردووە ئاستی سامانی ئاوی بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەبەستی پاراستنی ئاستی داهاتی ئاو و رێژەی بەکاربردنی سامانی ئاوی یەکێک لە دەروازەکان کراوەتەوە، چونکە دروستبوونی جیاوازی لە باڵانسی سامانی ئاویدا رەنگە ببێتە هۆی گرفت.

باسی لەوەش کرد، هێشتا بەنداوی دەربەندیخان سەرڕێژ نەبووە، بەڵکو کەمتر لە ٢٥ سم ماوە بۆ سەرڕێژبوون کە پێشبینی دەکرێت لەگەڵ بارانبارینی ئەمڕۆ و سبەی بەنداوەکە سەرڕێژ ببیت. وتیشی، "لەم دوو رۆژەدا نزیکی ٦٠ملم باران باریوە و ئەوەش کاریگەری ئەرێنی لەسەر سامانی ئاوی بۆ ئەمساڵ دروستکردووە".

هاوکات رۆژی ٢٤ـی نیسان لەو بارەیەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی کاریگەری ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ئەمساڵ هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەگەڵ پلان و میکانیزمی گونجاوی بەردانەوەی ئاو و چۆنیەتی سودوەرگرتن لە هاتنی رێژەی ئاو، بەنداوەکە نزیکە لەوەی سەرڕێژ ببێت.

بەنداوى دەربەندیخان دووەم گەورەترین بەنداوە لە هەرێمى کوردستان و تواناى گلدانەوەى سێ ملیار مەتر سێجا ئاوى هەیە و بەهۆی ئەو بارانە زۆرەی کە ئەمساڵ روویکردە هەرێم، چاوەڕوان دەکرێت بەنداوەکە سەرڕێژ ببێت.













گەلەری