سەردێڕ:

سودانی: رۆژنامەنوسان دەبێت بە ئازادانە و بەبێ هیچ فشارێک کارەکانیان بکەن

PM:03:39:03/05/2024

792 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ڕۆژی جیهانی ئازادی ڕۆژنامەگەریدا پشتیوانی بۆ هەموو رۆژنامەنوسان دووپات دەکەنەوە. دەشڵێت، " پێویستە به بێ سنووردارکردن و ناچارکردن کارەکانیان بەڕێوەببەن، لەسەربنەمای دەستوور ئەرکی ئێمەیە که ئازادییه گشتییەکانیان دەستەبەر بکەین".


ئەمڕۆ هەینی، نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، رۆژی جیهانی ئازادی لە تەواوی رۆژنامەنوسانی عێراق پیرۆزبێت و هیواداریشن کە لە کارەکانیان بەردەوامبن.

ئاماژە بەوەش کراوە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر ئازادی رادەربڕین و بۆ ئەو مەبەستەش، داوا دەکات کە هیچ فشارێک لە رۆژنامەنوسان نەکرێت بەرامبەر بە کارەکانیان.

باس لەوەش کراوە، ئازادی رۆژنامەنوسان بەگوێرەی دەستور دەستەبەر دەکرێت و سەرجەم لایەنەکان پێویستە پابەند بن بە پاراستنی ئازادی رادەربڕین لە ناوخۆ و دەرەوەی خاکی عێراقدا. وتیشی، "رۆژانامەنوسانی عێراق کارێکی گرنگ دەکەن و دەبێت رێزیان لێبگیرێت".

لەو بارەیەشەوە، رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، پێویستە دەستبەجێ بەرپرسانی هەرێم کۆتایی بە هێرشەکانیان بۆ سەر ئازادی رۆژنامەگەریی و ئازادی رادەربڕین و دەستگیرکردن و لێدان و دادگایکردنی نادادپەروەرانەی رۆژنامەنووسان بهێنن. دەشڵێت، "سەرەڕای چەندین هۆشداری بەڵام بەرپرسانی هەرێم هێشتا بەردەوامن لە رێگەگرتن لە رۆژنامەنووسان و ئەشکەنجەدانیان کە ئەوەش پێچەوانەی یاساکانی مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووسانە".

باس لەوەش کراوە، دەسەڵاتدارانی هەرێم شانازی بەوە دەکەن کە ئازادیی رۆژنامەگەریی لە هەرێم هەیە، بەڵام ئەوە بانگەشەیەکی گاڵتەجاڕانەیە بە لەبەرچاوگرتنی سەرکوتکردنی ئازادی رۆژنامەگەری و هەراسانکردن و تۆقاندن و دادگاییکردنی رۆژنامەنووسان، بەتایبەتی ئەوانەی کە راپۆرتیان لەسەر دۆسیەکانى گەندەڵی نوسیوە یان ڕەخنەیان لە مامەڵەکردنی دەسەڵاتداران لەگەڵ پرسە کۆمەڵایەتییەکان گرتووە.













گەلەری