سەردێڕ:

ئۆکرانیا: لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا روسیا ١١٦ هێرشی موشەکی ئەنجامداوە

PM:02:31:03/05/2024

1228 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا رایگەیاند، لەماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێردا روسیا ١١٦ مووشەکی ئاراستەی چەند بنکەیەکی سەربازی ئۆکرانیا کردووە و ٧٠ هێرشی درۆنیشی بۆ سەر چەند کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی ئەنجامداوە. دەشڵێت، "روسیا دەستی بە هێرشێکی فراوانی مووشەکی کردووە".


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، روسیا لە چەند لایەکی جیاواز لە بەرەی رۆژهەڵات و باشووری ئۆکرانیاوە هێرشێکی درۆنی و مووشەکی فراوانی بۆسەر سوپای ئۆکرانیا دەستپێکردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، سێ موشەکی ئاراستەی وێستگەیەکی وزەی کارەبایی کردووە و لە هەمان کاتیشدا ٧٠ هێرشی ئاسمانی لەرێگای درۆنەوە ئەنجامداوە و ١١٦ موشەکیشی ئاراستەی بنکە سەربازییەکانی ئۆکرانیا کردووە. وتیشی، "پێویستە هاوکارییەکان بۆ ئۆکرانیا زیاتربکرێن چونکە روسیا بەردەوامە لە فراوانکردنی هێرشەکانی بۆسەر خاکی ئۆکرانیا".

لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، دوێنێ پێنجشەممەلە کیێڤ لەگەڵ دەیڤید کامیرۆن وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەتەوە و لە دۆخی بەرەی ئۆکرانیا ئاگاداری کردووەتەوە. وتیشی، " وەزیری دەرەوەی بەریتانیام لە پێویستی ئەو چەکانە ئاگادارکردەوە کە لەلایەن پشتیوانی بەریتانیاوە دابینکراوە، پێویستیشە لە نزیکترین کاتدا زرێپۆش و تەقەمەنی و مووشەک بگاتە دەستمان بەپێچەوانەوە دوچاری هێرشیکی بەرفراوانی روسیا دەبینەوە".

ئەوەش لە کاتیکدایە، رۆژی ٣٠ـی نیسانی ئەمساڵ ڤۆلدیمێر زێلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، رووسیا سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ و هەموو هەوڵێکی خۆیان دەدەن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە.

لە ٢٤ـی شووباتی ٢٠٢٢، بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی روسیا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشی زەمینیان بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپیکرد و لەو کاتەوە بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون بەهۆی جەنگەکەوە.













گەلەری