سەردێڕ:

بەهۆی لێچوون لە بتڵێکی کلۆر لە پرۆژەی ئاوی خاس کەسێک گیانی لەدەستداوە

AM:09:33:03/05/2024

1584 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی لێچوونی غازەوە لە بتڵێکی کلۆر کارمەندێکی پرۆژەی ئاوی خاس دوای تاقیکردنەوەی ئاستی لێچوونی غازی کلۆرەوەکە گیانی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گرفتی غازی کلۆر دوو رۆژە لە پرۆژەی ئاوی خاس لە قەڵادزێ بەردەوامی هەیە، بەڵام لە بەرەبەیانی ئەمرۆدا بەهۆی لێچوونی غاز لە بتڵێکی کلۆر کارمەندێکی پرۆژەکە کە پۆلیسی پرۆژەکە بوە گیانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستە روو، جگە لەو کارمەندەی کە گیانی لەدەستداوە، کارمەندێکی دیکەی پرۆژەکە توشی تەنگەنەفەسی بووە و لە ئێستاشدا رەوانەی نەخۆشخانەی فێرکاری قەڵادزێ کراوە و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو کەسەش دەستیپێکردووە.

باسی لەوەش کرد، بەمەبەستی کەمکردنەوەی کاریگەری غازی کلۆرەکەوە ئەو بتڵە غازە خراوەتە ناو حەوزێکی ئاو کە دوو مەتر قوڵی هەیە و بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری غازی کلۆرەکە دوو رۆژ پرۆژەکە چۆڵدەکرێت. وتیشی، " ئەگەری هەیە کە بەهۆی کاری گەڕی غازەکە و نەگەڕانەوەی کارمەندانی پرۆژەکە کێشەی دابەشکردنی ئاودروسببێت لە دوو رۆژی داهاتوودا".

پێشتریش، ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، هاوڵاتییانی قەڵادزێ ئاگادار دەکەنەوە بەهیچ شێوەیەک لە پڕۆژەی ئاوی خاس نزیک نەبنەوە، چونکە بەهۆی لێچوونی کلۆر لە یەکێک لە بتڵەکانی کلۆر مەترسی لەسەر پڕۆژەی ئاوی خاس دروست بووە.

 














گەلەری