سەردێڕ:

جارێکی دیکە؛ لافاو لە چەند گەڕەکێکی هەولێر دروستبووە

AM:08:35:03/05/2024

3184 جار خوێندراوەتەوە

دوای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی هەرێم هۆشداریدا لە هاتنی شەپۆلێکی دیکەی بارانبارینی بە لێزمە جارێکی دیکە لە چەند گەڕەک و ناوچەیەکی هەولێر لافاو دروستبووە و پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە شەش گەڕەک بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.


ئەمڕۆ هەینی، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەش کرد، شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە هەولێری گرتووەتەوە و بەهۆیەوە لە گەڕەکی سێتاقان و شەقامی شۆرش و گلکەند و پردی سەیداوا وچەند گەڕەکێکی دیکە لافاو دروستبووە.

ئەوەشی خستە روو، هۆکاری دروستبوونی لافاو لە هەولێر بەدیاریکراوی بەهۆی بچوکی ئاوەڕۆکانەوەیە کە لە ئاستی پێویستدانین. وتیشی، " ئاوەڕۆی گەڕەکەکان و بەتایبەتیش گەڕەکی تەیراوا بەگوێرەی پێویستنییە و بەهۆیەوە چەندین ساڵە لافاوی لێ دروستدەبێت و زیان بە هاوڵاتیان بە کاسبکاران دەگات".

هاوکات دوێنێ پێنجشەممە پەیامنێری ئێن ئا ڕ تی لە هەولێر رایگەیاند، لە ئەنجامی زۆری بڕی بارانبارینەوە لە گەڕەکی تەیراوا، بازاڕی سورچیان کە دەکەوێتە پشت بینای پارێزگای هەولێر، لە بەردەم قەڵای هەولێر، لە بنەسڵاوە، گەڕەکی فەرمانبەران، دارەتوو، شەقامی بەردەم پەروەردەی هەولێر و بەشێکی شەقامی ٦٠ مەتری لافاو دروست بووە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتیان و شۆفێران دروست کردبوو.

لەلایەکی دیکەشەوە دوێنێ پێنجشەممە کەشناسی هەرێم رایگەیاندبوو، شەپۆلێکی دیکەی لێزمەباران و هەورەبروسکە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم و بەتایبەتیش سەنتەری هەولێر دەگرێتەوە و ئەگەری دروستبوونی لافاو دەبێت. وتیشی، " شەپۆلەکە تا رۆژی شەممە بەردەوامی دەبێت و چرتردەبێتەوە".

ئومێد چۆمانی – هەولێر













گەلەری