سەرەڕای فراوانبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەمبوونەوەی نەوتی کۆگاکراوی ئەمریکا نرخی نەوت بەراورد بە رۆژی ١٥ـی نیسان بە رێژەی ٨٪ دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و لە ئێستاشدا بە ٨٣ دۆلار و ٨٩ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی، نرخی یەک بەرمیل نەوتی رۆژئاوای تێکساس بە ٧٩ دۆلار و ١٨ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت و بەراورد بە دوینێ پێنجشەممە ٠.٢٣٪ بۆ هەر لیترێک بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە.
پێشتر، لەبارەی کەمکردنەوەی هەناردەی
نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان رێکخراوی ئۆپیک پڵەس رایگەیاند کە بەردەوام دەبن لەسەر کەمکردنەوەی
ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان و لە ئێستاشدا خواستی
بازاڕەکان بۆ نەوت تا سەرەتای مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بە پارێزراوی ماوەتەوە.
لەلایەکی دیکەشەوە ناوەندی کارگێڕی
وزەی ئەمریکا رایگەیاند، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا ئاستی کۆگاکردنی نەوت بەگوێرەی
پێشبینییەکان نەبووە و بە رێژەی ٠.٨٪ کەمبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە و ئەوەش هۆکارەکەی
دەگەڕێتەوە بۆ گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە ناوچەکەدا.
ئەوەش لە کاتێکدایە، پاڵنەری بەرزبوونەوەی
نرخی نەوت لە هەفتەکانی رابردوودا بە ئامانجگرتن و تەقاندنەوەی وێستگەی وزەی رەشی
روسیا بوو لەلایەن ئۆکرانیاوە کە ببوە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ سەروو ٨٩ دۆلار.