سەردێڕ:

بۆ سێیەم هەفتە لەسەر یەک؛ بانکی ناوەندی زیاتر لە ملیارێک دۆلار فرۆشی هەبووە

PM:09:09:02/05/2024

1032 جار خوێندراوەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی چوار رۆژی خستنەڕووی دۆلاری کاش و حەواڵە بۆ گەشتیاران و بازرگانانی ناوخۆ و دەرەکی زیاتر لە یەک ملیار دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش ٩٦.٥٧٪ بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە. هاوکات یەکەم جارە بانکی ناوەندی لە چوار رۆژدا زیاتر لە ملیاریک دۆلار بخاتەڕوو.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانکی ناوەندیی عێراق لە رێگای سەکۆی تایبەت بە خستنەڕووی دراوی بیانی بۆ مامەڵە داراییەکان رایگەیاند، لە ماوەی رۆژانی ٢٨ـی نیسان بۆ ٢ـی ئایار بە تێکڕا یەک ملیار و ٩٦ ملیۆن و ٦٩ هەزار و ٤٦ دۆلار بەشێوەی کاش و حەواڵەی دەرەکی فرۆشراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لەو رێژەیەش ٧٣ ملیۆن و ٩٠٠ هەزار دۆلاری بەشێوەی کاش بە گەشتیاران و ناوەندە ئابوورییە تایبەتەکان بە ئابووریی و بازاڕەداراییەکانی ناوخۆی عێراق فرۆشراوە کە بەرامبەر بە ٣.٤٣٪ تێکڕای فرۆشی هەفتانەی بانکی ناوەندی بووە.

باس لەوەش کراوە، بە مەبەستی رێگەگرتن لە گەڕانەوەی بازرگانان بۆ بازاڕەکانی ناوخۆ و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانەی بازرگانی لە عێراق فرۆشی حەواڵەی دەرەکی یەک ملیار و ٢٢ ملیۆن و ١٦٩ هەزار و ٤٦ دۆلاربووە بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی.

هاوکات لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا یەکەم جارە بانکی ناوەندی لە چوار رۆژدا فرۆشی هەفتانەی زیاتربێت لە یەک ملیار دۆلار و بە تێکڕا لە ماوەی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ـەوە تا رۆژی ١٢ـی نیسان بانکی ناوەندی هەفتانە لە ماوەی چوار رۆژدا کەمتر لە ٩٠٠ ملیۆن دۆلار فرۆشی هەبووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا بە هەردوو شێوەی کاش و حەواڵە نزیکی سێ ملیار دۆلار فرۆشراوە و لەو رێژەیەش ٩٦٪ بەشێوەی حەواڵەی دەرەکی بووە. ئەوەش یەکەم جارە بانکی ناوەندی لە دوو هەفتەدا نزیکی سێ ملیار دۆلار بفرۆشێت.













گەلەری