بەهۆی دۆخی کەشوهەوا و شەپۆلی بارانبارینەوە پارێزگای هەولێر راگەیانراوێکی بڵاوکردەوە و داوا دەکات هاوڵاتییان سەردانی ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
پارێزگای هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارین و هەورەتریشقە زۆرەی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، پێشبینی دەکرێت رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بارانی بەهارەی بە خوڕ ببارێت.
داواشی لە هاوڵاتییان کردووە، لەبەر سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان،
لەو رۆژانەدا بۆ گەشت و سەیران سەردانی سەیرانگا و ناوچە شاخاوییەکان نەکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا کەشناسی هەرێم
رایگەیاند، لە رۆژی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی هەرێم دەکات
و ئاستى دابارین لەسەر بەشێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت.
لەو بارەیەشەوە، حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند،
داوا لە هاوڵاتییان دەکەن لەکاتی دروستبوونی لافاو لە ئەنجامی بارانبارینەوە، بڕۆنە
بەرزترین شوێنی ماڵەکانیان و بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت رێگا گشتییەکان بەکارنەهێنن.