سەردێڕ:

پارتى و یەکێتى رێکەوتوون بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاتێکی دیکە بۆ پڕۆسەکە

AM:12:00:02/05/2024

5276 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە یەکێتی و پارتی لە هەوڵدان هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بۆ جاری پێنجەم دوا بخەن، رۆیشتنی نێچیرڤان بارزانیش بۆ بەغدا و مانەوەی بۆ سێ رۆژ، بە ئامانجی ئەوە بووە لایەنە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکە رازی بکات.


بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، رێککەوتنەکە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کراوە و هەردوولا رێککەوتوون بۆ دواخستنی هەڵبژاردن و دیاریکردنی کاتێکی دیکە بۆ پرۆسەکە و تا هەفتەی داهاتوو یەکلایی دەکەنەوە.

هەر بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی بە پارتییان وتووە، گرفتیان نییە لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن، پارتیش پێشنیازی کردووە کۆبوونەوەیەکی لایەنەکان بکرێت و بڕیارەکە بدرێت، بەڵام یەکێتی وتویەتی پێویست بە کۆبونەوە ناکات و بە پارتیشی وتووە، "لەبەر ئیحراج نەبوونیان لەبەردەم دەنگدەرانیان، نایانەوێت کۆبوونەوە بکرێت و لە میدیاکانیشەوە دژی پارتی و هەوڵەکانی دواخستنی هەڵبژاردن قسە دەکەن".

هەر بەپێی زانیارییەکان، یەکێتی بەڵێنی مانەوە و پشتگیری حکومەتی کاربەڕێکەریشی داوە لە دوای دواخستنی هەڵبژاردنیش، بەڵام داوای کردووە لە میدیاکانیەوە هەڵوێستی خۆیان وەک رەخنەگر و ناڕازیی خۆیان نیشان بدەن و پارتیش لە میدیاکانەوە وەڵامیان نەداتەوە، بەمەش بانگەشە و شەڕە میدیایەکەی یەکێتی تەنها بۆ شاردنەوەی پلانەکەیانە لەگەڵ پارتی، بەوپێیەی پارتی بەبێ یەکێتی ناتوانێت بڕیارێکی لەو جۆرە بدات و هەڵبژاردن یەکلایەنە دوا بخات.

لە بەرامبەردا، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هەڵوەشاندنەوەی وادەی هەڵبژاردنی نییە و لە هیچ ماددە و بڕگەیەکی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یان یاسای هەڵبژاردندا، دەسەڵات بە سەرۆکی هەرێم نەدراوە گۆڕانکاری لە وادەی دیاریکراوی هەڵبژاردن بکات یان هەڵیبوەشێنێتەوە و سەرۆکی هەرێم تەنها دەسەڵاتی ئەوەی هەیە مەرسوم دەر بکات.

دەشڵێت، "لە ئەگەری هەر بڕیارێکی نایاسایی، وەکو نەوەی نوێ هەڵوێستی توندمان دەبێت و رێکاری یاسایی دەگرینە بەر".













گەلەری