سەردێڕ:

هاوپەیمانان چەندین کەلوپەلی سەربازییان بۆ پێشمەرگە ناردووە بەڵام دەستی بەسەردا گیراوە

PM:10:39:01/05/2024

8268 جار خوێندراوەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، ماوەی زیاتر لە مانگێكە هێزەکانی هاوپەیمانان چەندین کەلوپەلی تایبەتی سەربازییان بۆ هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە ناردووە، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە دەستی بەسەر ئەو کەلوپەلانەدا گرتووە و دابەشی ناکات.


ئەمڕۆ چوارشەممە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی کەوتووە، لەلایەن هاوپەیمانانەوە کۆمەڵێک کەلوپەلی تایبەتی سەربازی بۆ هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە نێردراوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکان، ماوەی زیاتر لە مانگێکە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە دەست بەسەر ئەو کەلوپەلانەدا گیراوە و دابەش نەکراوە بەسەر پێشمەرگەکاندا.

هاوکات، بەشێک لە پێشمەرگەکانی هێزەکانی پشتیوانی دووی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، دەنگۆیەک لەناو هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە بڵاو بووەتەوە، کە وەزارەتی پێشمەرگە ئەو کەلوپەکانە دەفرۆشێت و دابەشی ناکات.

ئەوەشیان خستە روو، ئەو دەنگۆیانە ناڕەزایەتی لەناو هێزەکانی پشتیوانی دووی پێشمەرگە دروست کردووە و داوا دەکەن ئەو کەلوپەلانەی لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە وەک هاوکاری بۆیان نێردراوە، دابەش بکرێت بەسەریاندا.

هێرش قادر - هەولێر













گەلەری