سەردێڕ:

کارەباى هەرێم: لە ٢٤ کاتژمێردا وێستگەکانی هەولێر و سلێمانی و بازیان دەکەونە کار

PM:09:55:01/05/2024

4440 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا هەرسێ وێستگەی کارەباى هەولێر و سلێمانی و بازیان دەکەونە کار.


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کارەبای حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هاتووە، لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا هەرسێ وێستگەی کارەباى هەولێر و سلێمانی و بازیان دەکەونە کار.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئێوارەی رۆژی سێشەممە هەناردەی گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەستی پێکردووە و پەستانی گاز بۆ وێستگەکان بەرز بووەتەوە.

ئەوەش خراوەتە روو، بڕی ٢٧٠ ملیۆن پێ سێجا گاز لە کۆی ٥٢٠ ملیۆن پێ سێجای پێویست گەیشتووەتە وێستگەکان و دەکاتە نیوەی توانایی وێستگەکان.

باس لەوەش کراوە، لە ٢٤ کاتژمێری داهاتوودا هەرسێ وێستگەی هەولێر و سلێمانی و بازیان دەکەونە کار.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٦ـی ئەم مانگە، کاتژمێر ٦:٥٠ خولەکی ئێوارە بۆ هەشتەم جار کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە ئامانج گیرا، بەهۆی هێرشەکانیشەوە، چوار کەس گیانیان لەدەستدا.

دواتر وەزارەتی کارەبا و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بڵاویان کردەوە، بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ناردنی گاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەوهۆیەوە نزیکەی دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٦ موشەک و درۆن ئاراستەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر کراوە کە بەهۆیەوە زیاتر لە دوو هەزار و ٥٠٠ مێگاوات لە کارەبا کەمی کردووە لە هەر هێرشێکی مووشەکی و درۆنیدا.


 













گەلەری